پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی جەژنی لەدایك بوونی حەزرەتی محەمەد(درودی خوای لەسەربێ)
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی لەدایك بوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد(درودی خوای لێبێت) گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین، ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە هەوێنی خێر و خۆشی و ئارامی و، زیاتر چەسپاندنی گیانی برایەتی و لێبووردەیی و تەبایی بێ و، گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە دەردەسەری و ناخۆشی بەدوور بێ بەتایبەتی لەو هەلومەرجە نەخوازراوەی قەیرانی تەندروستیدا.
لەو یادە پیرۆزەدا جەخت دەكەینەوە سەر پەیامی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و هەماهەنگی نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان و، هەروەها بە ئەركی هەموو لایەكمانی دەزانین کە گیانی هاوبەشی و بەیەكەوەژیان پتەوتر بكەین بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەی كوردستانیی و زیاتر برەودان بە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی هاووڵاتیان و رەتكردنەوە و نەهێشتنی دووبەرەكی و توندڕۆیی و شەڕانگێزیی.
جارێكی دیكە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری مەزنمان حەزرەتی(محەمەد)درودی خوای لێبێت، لە گشت موسڵمانان و مرۆڤایەتی پیرۆز بێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١١ـی رەبیعولئەوەلی ١٤٤٢ـی كۆچی
٢٨ـی١٠ـی٢٠٢٠ـی زایینی