په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ)

به‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، حه‌زره‌تی محه‌مه‌د (د.خ)، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان ده‌كات و هیوا ده‌خوازێت، ئه‌و یاده‌ ببێته‌ هاندەری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان مرۆڤەکان.

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ موسڵمانان:

له‌ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا حه‌زره‌تی محەمەد “د.خ”، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەم.

هیوادارم  یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر، هاندەری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دۆستایەتی و گەردنئازادیی نێوان مرۆڤەکان و تەواوی گەلان و ئایین و ئایینزاکان بێت لە ناوچەکە و جیهاندا.

باشترین یادکردنەوەی حەزرەتی محەمەد پابەندییه‌ بە پەیام و فەرمایشت و ئاکار و رەوشتە بەرزەکانی کە لە بەخشندەیی و بەزەیی و لێبوردەیی و ئاشتەواییدا بەرجەستەیە.

جارێكی تر ئه‌م یاده‌ له‌ سه‌رجه‌م موسڵمانان پیرۆز دەکەم و لە خوای مەزن داواکارم دەروازەی خێر و خۆشی لە گەلەکەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی بکاتەوە و کۆتایی به‌ مه‌ینه‌تییه‌کان بێت.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

11ی ره‌بیعولئه‌ووه‌لی 1442ی کۆچی

28/10/2020

Back to top button