ئەڵمانیا و فەڕەنسا قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنن
هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا، لە هەوڵەکانیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێوشوێنی نوێیان ڕاگەیاند.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە وتارێکدا ڕایگەیاند، سەرانسەری وڵاتەکە کەرەنتین دەکرێت و پێدەچێت تاوەکو 1 ی مانگی دوانزە بەردەوام بێت، بەڵام جیاواز لە کەرەتینەی پێشوو، خوێندنگاکان بە کراوەیی دەمێننەوە بەڵام چێشتخانە و باڕ و دوکانە ناپێویستەکان دادەخرێن.
گرتنەبەری ئەو رێکارانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 523 حاڵەتی گیان لەدەستدانی ڕاگەیاند، پزیشکانی وڵاتەکەش هۆشیاریاندا لەسەر ئەوەی یەکەکانی چاودێری ورد خەریکە دەگەنە ئەوپەڕی توانایانەوە.
بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و فەرمانڕەواکانی هەرێمەکان، لە هەوڵێکدا بۆ دانانی سنوورێک بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە، ڕێوشوێنە نوێیەکان لە 4 ی مانگی یانزەوە دەست پێدەکەن.
لە فەرەنسا 35 هەزار و 820 کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکان، نەخۆشخانەکان لە لێواری پڕبوونن.
لە ئەڵمانیاش، 10 هەزار و 98 کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.