مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی نەجمەدین كەریم و خەڵكی كەركووك دەكات

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی نەجمەدین كەریم و خەڵكی كەركووك و كوردستان دەكات.

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم:..

به‌داخ و پەژارەیەکی زۆره‌وه‌، هه‌واڵى كۆچى دوایى کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و بە هەڵوێستی کوردستان (دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم)م پێگەیشت. د.نەجمەدین لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە وەک پێشمەرگەیەک و سەرکردەیەکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و دواتریش لە دەرەوەی وڵات، رۆڵێكى گرنگیی لە خه‌باتى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان و ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلوماسیی و ئەکادیمییە جیهانییەکاندا هەبوو. لە دواى ئازادکردنی عێراقیش لە رژێمی دیکتاتۆریی ، وەک پارێزگاری کەرکووک، جێدەستی لە قووڵكردنه‌وه‌ى گیانى بەیەکەوه‌ژیانى ئاشتییانەی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان دیار بوو. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى خۆم له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌ى و خه‌ڵكى كوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووک ده‌كه‌م و هاوبه‌شى خه‌میانم، خواى مه‌زن گیانى به‌ به‌هه‌شت شاد بكات و ئارامییش بە هەموومان ببەخشێت.

مه‌سرور بارزانى

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

2020/10/31

Back to top button