بزانە بارزانی وەزیری بەرگریی ئیتالیا باسی چیان كردووە

خواكوڕك

ئەمرۆ  پێنج شەممە لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئیتالیا ستاییشی ئازایەتی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ڕێز و پێزانینی بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە هەبوو و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتی ئیتالیا شانازی بەوە دەكات كه هاوكار و یارمەتیدەری پێشمەرگە بووە. وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئیتالیا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی داعش پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی ئیتالیا ئامانجی سەردان و گەشتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئیتالیای كرد كە لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و ڕایگەیاند كە فراوانكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخە و سەردانی بەرپرسە باڵاكانی ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان مانای قووڵی هەیە و جەختیشی كردەوە كە یارمەتییە سەربازییەكانی ئیتالیا بۆ پێشمەرگە و پێدانی مەشق و ڕاهێنان كاریگەریی و ئەنجامی زۆر باشی هەبووە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی شاری موسڵ و هەنگاوەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و ڕۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا تاوتوێ كرا و باسیش لە دواڕۆژی پارێزگای نەینەوا و مەترسییەكانی هزری تاییفەگەری لە قۆناغی دوای داعش كرا و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە دانیشتوانی ناوچە ئازادكراوەكان بە تایبەت مەسیحی و ئێزییدییەكان بتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ڕێوشوێنێكی وا بگیرێتە بەر كە كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و پێكهاتەكان نەبنە قوربانیی ململانێی مەزهەبی و تاییفەگەری.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.

Back to top button