پەکەکە.. ئێوە خەمی پاراستنی ئاسایشی ئێمەتان نەبێ

کەریم قادر

لەسەر بنەمای ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرە “رێگە نادەین کەس زیان بە ئاسایش و ئاشتیمان بگەیەنێت.” چۆن لە رابردوو بەرامبەر داعش و حەشد وەستاینەوە، بە گیانێکی فیداکارانەتر بە گژ هەر هێزێک دەوەستینەوە، کە ئارامی هاووڵاتیانمان تێک بدات. تەنها ئێوەی رێبزرکەر کێشەی خۆتان لە کۆڵ هەرێمی کوردستان بکەنەوە، رووی خۆتان بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان سپی بکەنەوە، ئینجا تۆمەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، ئاخر ئێوە لەچوارچێوەی جێبەجێ کردنی ئەجێندای خەڵکی دی، جگە لەوەی هەرێمی کوردستانتان لە کێشەکانی خۆتان ئاڵاندووە، بوونەتە هەڕەشەیەکی جدیش لەسەر ئاسایش و ئاشتی هەرێمی کوردستان، کە پێموانییە پێویست بێت لێرە کرۆنۆلۆژیای کردەوە دژەکانتان یەک بەیەک باس بکەین، ئێوە کەی بیرتان لە دۆزی کورد کردۆتەوە تا “بەرخۆدان بە ناوی گەلی کوردەوە بەڕێوەبەرن”، بەپێچەوانەوە هەر کاتێک دەرفەتێک بۆ دۆزی کورد هاتبێتە پێش بە پیلانگێڕییەک لەناوتان بردووە. بلا، مادامەکێ ئەو راستییە دەزانن، کە جیهان لەبەر دیزاین کردنەوەی ناوچەکەیە، کاتێک دەڵێن” ئێمە لە دۆخێکداین کە چارەنوسی کورد دیار دەبێت” و “حەز بە ئامانج گرتنی کورد لەلایەن فیداییەکانتان ناکەن”، کەواتە لە بڕیارێکی بوێرانەدا فیداییەکانتان بۆ مەیدانی راستەقینەی بکێشنەوە، نەک رەخنە لە جولەی پێشمەرگە بگرن لەناو خاکێکدا، کە پاراستنی لە ئەستۆی پێشمەرگەیە.

ئایا قەت لە خۆتان پرسیووە ئێوە بۆ لێرەن و چی دەکەن؟

کاتێک لە چوارچێوەی چەواشەکارییەکی نوێدا، کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، زۆر بێ شەرمانە دژ بە پارتی دەڵێ “ئامانجەکەی ئەوەیە زەمینە ئامادە بکات بۆ رەوایەتیدان بە هێرش بۆ سەر تەڤگەرەکەمان”. وەک بڵێی تەڤگەرەکەیان لە مەیدانی راستەقینەی خۆی بێت، پارتیش بیهەوێ هێرش بکاتە سەر بارەگا و بنکەکانیان. بێئاگا لەوەی ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە سنووری ئیدارەی خۆیدا پارێزگاری لە گیان و سامانی خەڵکی خۆی بکات، لە کوێ بە پێویستی بزانێ بارەگا و خاڵی پشکنین دەکاتەوە، پێویست بە پرس کردن بە پەکەکە ناکات، کە بەڵایەکی رەزا قوڕسە. ئەوەی پەکەکەی تەنگاو کردووە بەو نەفەسە چەواشەکارییە هێرش بکاتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبەر دوو پرسە.

یەکەم، کەشف کردنی هەنگاوە جەهەنەمییەکانی پەکەکەیە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، کە ئێرە جێی باس کردنیان نییە.

دووەم، هاوشێوەی هەندێ کەسی دی، کاریگەری هەردوو رێککەوتنە گرینگ و مێژووییەکانە، کە یەکیان بەسەرپەرشتی نوێنەری ئەمەریکا لەنێوان هێزەکانی رۆژئاوا مۆرکرا، دووەمیشیان رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرالە تایبەت بە ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال، کە بەسەرپەرشتی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاگاداری وڵاتانی هاوپەیمان مۆرکرا.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیاندا هاتووە “رۆژانە دەنگی تەقینەوەی بۆمب و تۆپ و رۆکەتی تورکیا لە چیا و دۆڵەکانی کوردستان کەم نابێتەوە.” خۆی ئەگەر تەڤگەرەکەشیان خۆی لەو راستییە لە گێلی بدات، بەڵام خەڵکی کوردستان دەزانن هۆکاری کەم نەبوونەوەی ئەم تەق و تۆقانەی چیا و دۆڵەکانی کوردستان کێیە، کە رۆژانە سەرانە لە خەڵک وەردەگرن.

هەرچەندە ناخازم قسە لەسەر ئەو پەرەگرافەی راگەیەندراوەکەی پەکەکە بکەم، کە تێیدا هاتووە”سەدان هەڤاڵی گەریلا بۆ پاراستنی گەلی باشور لە شەنگالەوە بگرە تا هەولێر، گیانی خۆیان فیدا کرد و فەرماندەی وەکو زەکی شەنگالی و عەگید جڤیان و تێکۆشەر گەڤەر لەم رێگایەدا شەهید بون.” بەڵام ناچار بووم، ئاخر ئێوە کە لە شەڕی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە دژی داعش و حەشد یەک گەریلاتان بریندار نەبوو بێت، باسی کام فیداکاری دەکەن، یا دەترسێم ئەوانەی لە ئەنجامی بوونی سیخوڕ لە ریزەکانتان بە درۆن کوژران بە فیداکاریان دابنێن، خەڵکی ئەم سەردەمە زیرەک و هوشیارن، وەک دەڵێن “کاغەزی سپی دەخوێننەوە” یا وەک لە شاری هەڵمەت و قوربانی دەڵێن” بۆ باجی حەلاوی باس بکە” بۆیە ماف بە ئێوە نییە باس لە هەڵوێستی بونیادنەر و نیشتمانپەروەرانە بکەن.

Back to top button