بۆ پەکەکە دەیەوێت ئارامی هەرێم تێک بدات؟

لە ئێستادا ئاماژەکان بەرەو ئەو ئاراستەیەن کە نەخشەی ناوچەکەمان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، کە بێگومان کورد پشکی دەبێت لە گۆڕانکارییەکان ئەگەر بێتو یەکگرتوو و یەک هەڵوێستبن، چونکە کورد ڕۆڵی شێری لە شەڕی دژی تیرۆر بەرکەوتووە و هاوبەشێکی سەرەکی هاوپەیمانانە لە شەڕی دژی تیرۆر، کە لە ئێستادا هەڕەشەی سەرەکییە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەوڕوپا و دەولەتە بەشداربووەکان لە هاوپەیمانییەتی شەڕ لە دژی داعش.

بەڵام گرنگە ئەوە بزانین کە نەبوونی یەک هەڵوێستی و مژوڵ بوونی کورد بە کێشەی لاوەکی تەگەرەی گەورە بۆ کورد لە گۆڕانکارییەکان دروست دەکات، تا دەگاتە ئاستی پشتگوێ خستنی داخوازییەکانی کورد کە خۆی لە ئەنجامی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ و سەربەخۆیی دەبینێتەوە.

پەکەکە کە ڕێکخراوێکی مۆلتی هەواڵگەرییە دەیەوێت بە دەست لە پشدانی ئەو دەوڵەتانەی کە ئاراستەی دەکەن، ڕۆڵی لە دەستدانی شوێنی کورد لە گۆڕانکارییەکان ببینێت. بۆیە زۆر گرنگە ڕۆشنبیران و نیشتیمان پەروەرانی کورد دەنگیان بکەنە یەک و داوا لە پەکەکە بکەن، دەستدرێژییەکانی بە کۆتا بێنێت، و ڕێگری بکەن لە گورز وەشاندنی ئیقلیمی لە ئایندەی کوردستان، چونکە ئەگەر ئەوە نەکەین بە هۆی کارە قێزەوەن و دوژمنکارییەکانی پەکەکە دەبێت کورد ١٠٠ ساڵی تریش چاوەڕێی دەستکاری ئەو سنوورانە بێت کە لە چەند ساڵی داهاتوودا دەستکاری دەکرێن بە فۆڕمێکی نوێ کە لەگەڵ گۆڕانکاری و بەرژەوەندییە هەنووکەییەکانی زڵهێزان بۆ ١٠٠ ساڵی ئاییندەدا بگونجێت.

Back to top button