له‌ كه‌ركووك میلیشاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی دیكه‌ كه‌وتنه‌ حاله‌تی ئاماده‌باشی

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری شه‌رعی كه‌ركووك و ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ وڵاتی ئه‌مریكا به‌ جه‌لته‌ی مێشك كۆچی دوای كرد، كۆچی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی كوردستان كاردانه‌وه‌ی گه‌ڕوه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری كوردستان و كه‌ركووك لێكه‌وته‌وه‌ به‌ جۆرێك ئه‌مه‌شو ده‌یان كه‌س له‌ خه‌لكی كه‌ركووك رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و وێنه‌ی پارێزگاری كه‌ركووكیان له‌سه‌ر شوێنه‌ گشتیه‌كان و ئۆتۆمبێله‌كان هه‌ڵواسی ئه‌مه‌ش حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقی خسته‌ حاله‌تی ئاماده‌باشی.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ده‌زگای میدیای خواكوڕك له‌ ترسی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌ كه‌ركووك میلیشاكانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق و پۆلیسی فیدرالی كه‌ركووك بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ كه‌وتوونه‌ته‌ حاله‌تی ئاماده‌ باشی وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك بۆ رێگری له‌ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری كه‌ ئه‌گه‌ڕی روودانی هه‌یه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نێو شاری كه‌ركووك رایگه‌یاندووه‌ كه‌ پۆلیسی فیدرالی و میلیشاكانی حه‌شدی شه‌عبی راسپێردراون كه‌ سه‌رجه‌م وێنه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك لێبكرێنه‌وه‌ و هه‌ر ئۆتۆمبێلێكیش وێنه‌ی هه‌ڵواسیی بێت ده‌ستی به‌سه‌ر دابگیرێت.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش نوسراوه‌ به‌ مردوویشی له‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌ترسن و ئه‌مشه‌و هێزه‌كانیان له‌ شه‌قامه‌كانی كه‌ركووك بڵاوه‌ پێكردووه‌.

 

Back to top button