هۆزەعەرەبەكانی نەینەوا: پەكەكە و مالیكی و عەسائیبی ئەهل حەق بۆ فیتنەگێڕی هاوپەیمانییان كردووە

خواكوڕك
دوای ئەوەی هیَزەكانی حەشدی شەعبی بە مەبەستی كۆنتڕۆلكردنەوەی موسڵ, گەیشتنە سنوری پارێزگای نەینەوا ترسێكی قوڵی لە دڵی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە دروستكردووە بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە, بۆیە هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا لە ڕاگەیێنراوێكیاندا هۆشداریی تووند دەدەنە (نووری مالیكی) و دەڵێن، هاوپەیمانێتییەك لە نێوان (مالیكی) و پەكەكە و عەسائیبی ئەهل حەق دروست كراوە بۆ نانەوەی فیتنە لە نەینەوادا.

(مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت) گوتەبێژی هۆزەعەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا لە ڕاگەیێنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی خواكوڕك ناردووە، دەڵێت ”مالیكی و عەسایبی ئەهل حەق و پەكەكە، هاوپەیمانییان پێكهێناوە لەگەڵ سەركردەكانی داعشدا و هێزێكیان لە سووریا و عێراق پێكەوە پێك هێناوە, ئێمەش وەك هۆزەعەرەبەكانی نەینەوا ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەوان بە ئامادەكراوی پێشوو ناو دەبەین كە لە لایەن (مالیكی) بۆ وێرانكردنی پارێزگاكان بە تایبەت نەینەوا دروست كرابوو، ئەمڕۆ بۆمان دەركەوت بە روویەكی دیكە عەسایبی ئەهل حەقی سەربە حەشدی شەعبی پێكەوەن.

هەروەها گوتەبێژی هۆزەعەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا دەڵێ، ”داوا دەكەین حكوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق بێنە سەرهێڵ بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە رابگرن، چونكە فیتنەیەكی گەورەی لە نەینەوادا بەدوادا دێ، دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕی تاییفی و كێشەی عەشایری لێ دەكەوێتەوە، چونكە ئەو كەسانەی كە لەگەڵ داعشدا تاوانیان ئەنجام داوە و دژبە پێكهاتەكان ستەمی زۆریان كردووە، وا لەنێو ئەو هاوپەیمانێتییەدان كە مالیكی و پەكەكە و عەسائیبی ئەهل حەق پێكیان هێناوە.”
(مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت) گوتەبێژی هۆزەعەرەبەكانی نەینەوایە گوتیش:” بۆمان ئاشكرا بوو كە ئەوانی لەنێو داعشدا بوون بە سەركردە، لە لایەن (مالیكی) و هاوپەیمانانییەوە هێنرابوون بۆ مووسڵ، ئەو كارەساتە گەورەیەیش لە مووسڵ رووی دا، كەوتنی مووسڵ و كوشتن و رفاندن و ستەمكردن لە پێكهاتەكانی لێ كەوتەوە، بۆیە وەك هۆزەعەرەبەكان هۆشداریی تووند دەدەینە (مالیكی) كە نابێ جارێكی دیكە بگەڕێنەوە نەینەوا.”

Back to top button