تەندروستی هەڵەبجە : توانای وەرگرتنی هیچ نەخۆشێکمان نەماوە

تەندروستی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، هەردوو نەخۆشخانەی تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە پڕبوون و توانای وەرگرتنی هیچ نەخۆشێکی نوێ نەماوە.

لە راگەیەنراوێکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەدا هاتووە، قاوشەکانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی وەفا و چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نەماوە و باری تەندرووستی سەرجەم نەخۆشەکان ناجێگیرە و سەرجەمییان لە ژێر ئۆکسجین و چاودێری وردی پزیشک دان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئێستادا توانای کەرتی تەندروستی سنوردارە و بە ھیچ شێوەیەک توانای کردنەوەی قاوشی زیاترمان نیە بەھۆی کێشەی کەمی پزیشک و کارمەندی تەندروستی و پێداویستی پزیشکی و دەرمان و چارەسەرەکان.

گوتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە دەشڵێت، لەکۆی گشتی (پێنج هەزار و 729) پشکنین له‌ سنوری پارێزگاکە (دوو هەزار و 529) حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و (دوو هەزار و 301) حاڵەتی چاکبوونەوە تۆمار کراوە، (91) حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان هه‌بووه،‌ لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زیاتر لە (50) حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزترە بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو.

تەندروستی هەڵەبجە داواش لە هاوڵاتیان دەکات، زایتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، هاوکاری کەرتی تەندروستی پارێزگاکە بن لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.

Back to top button