گوتاری سەرۆکی حکومەت لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 2-11-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی کوردستانی لە هەولێر دانا.
مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لە رێوڕەسمەکە، رایگەیاند، پەیوەندیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ کشتوکاڵ، پەیوەندییەکی مێژووییە.
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر زۆر بەخێربێن بەڕێزان ئەزیزان
خۆشحاڵم ئەم دەرفەتە ڕەخسا جارێكیتر لە خزمەتتاندا بین
لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو لە ئەشكەوتی شانەدەر لە ناوچەی بارزان ئێسك و پروسكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە كە پەنجا هەزار ساڵ لەمەوبەر دەژیان. ئەوەی جێی سەرنجە لەگەڵیاندا گەنم و گوڵوگویا دۆزراوەتەوە كە نیشانەی پەیوەندیی راستەوخۆی ئەو مرۆڤە لەگەڵ كشتوكاڵ بووە لەو سەردەمە. دەشزانین گوندی چەرمۆ لە كوردستان بە یەكێك لە كۆنترین گوندە كشتوكاڵییەكانی دونیا دەناسرێت. كەواتە پەیوەندیی خەڵكی كوردستان لەگەڵ كشتوكاڵ پەیوەندییەكی مێژووییە، بەڵام بە داخەوە بە درێژایی مێژوو، بە تایبەتی لە سەدەی ڕابردوو، وەك پێویست نەتوانراوە سوود لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان وەربگیرێت.
لەم كابینەیە هەوڵی جددیمان بۆ هەمەجۆركردنی داهاتەكان داوە و گرنگییەكی تایبەتیش بە كەرتی كشتوكاڵ بدەین. خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە بەشێك لە دروستكردنی ئەو كارگە و كۆگایانە بەشدار دەبین و بەردی بناغەیان بۆ دادەنێین كە وەك پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی هەرێم ناسراوە، تەنیا لە پارێزگای هەولێر نابێت و لە پارێزگاكانی دیكەش ئەم پڕۆژانە بەردەوام دەبن.
ئەگەر لەبیرمان بێت لە سەدەی رابردوو تا ئەم دواییەش كوردستان بە داخەوە دوای ئەوەی ئەنفالكرا و كیمیاباران كرا، بەشێكی زۆری زەوی و زاری جووتیاران وێران كران و سووتێنران. خەڵكی گوندەكان ناچاركران شوێنەكانیان جێبهێڵن و گوندەكانیان خاپوور كران و لە كۆمەڵگە زۆرەملێكان جێگیر كران، ئەمەش زیانێكی زۆری بە كشتوكاڵ دا. ئێستا دەمانەوێ ئەمە پێچەوانە بكەینەوە.،
لە جێی ئەوەی خەڵكی كوردستان چاوی لە مووچە بێت، خۆی ببێتە بەرهەمهێنەر و تەنیا بەكاربەر نەبێت. بەم پڕۆژانە نەك تەنیا یارمەتیی خۆیان دەدەن، یارمەتیی خەڵكی هەموو كوردستان دەدەن.
كوردستان دەوڵەمەندە و دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراك بۆ عێراق و زۆر ناوچەكەش. ئەم پڕۆژەیە بە گرنگ دەزانم و دەستخۆشی لە جێبەجێكاری پڕۆژەكە و وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەم كە ئەم پڕۆژانەیان ئامادە كردووە. هیوادارم بەردەوام بین لەوەی بتوانین ئەم پڕۆژانە بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری دروست بكەین هەروەك بەڵێنمان داوە ئەركی سەرەكیی ئەم كابینەیە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستانە.
دەمەوێ جارێكیتر بیرتان بێنمەوە، جاری پێشوو كە قسەم كرد، داوام لە هەمووتان كرد خۆتان بپارێزن، چونكە پەتای كۆرۆنا بە خێرایی و مەترسیداری بڵاو دەبێتەوە، بەداخەوە لەو كاتەوە تائێستا چەندین كەس ئازیز و كەسوكارەكانیان لە دەست داوە و زۆر خەڵكیش ژیانیان لە مەترسیدایە. تكایە ئەوەی داواتان لێدەكەین بۆ سەلامەتیی خۆتان و كەسوكارتانە. ئێستا بەرەو وەرزی زستان و سەرما دەڕۆین، لەوانەیە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە خێراتر بێت. دووبارە داوا دەكەم ئەم مەترسییە بە جددی وەربگرن و خۆتان و كەسوكارتان بپارێزن، تا بتوانین ئەم پڕۆژانە ئەنجام بدەین و كوردستان بەهێز بكەین و ئابووریی كوردستان بەهێز بكەین.
بەهیوای سەركەوتن و ژیانێكی خۆشتر بۆ هەموو جووتیارانی كوردستان و هەر سەركەوتوو بن.