بێگەرد تاڵەبانی: پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دوو ئامانجی سەرەكی بەدیدەھێنێت
وەزیری كشوكاڵ رایدەگەیەنێت، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دوو ئامانجی سەرەكی بەدیدەھێنرێت، یەكەمیان چارەسەری كێشەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دەكات، دووەم بە پیشەسازیی كردنی بەرھەم.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی كوردستان، كە ئەمڕۆ دووشەممە 2/11/2020 دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، گرینگیی پڕۆژەكەی خستە ڕوو، بە تایبەت كە حكوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بابەتی وەرگرتن و كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی كوردستانی كردووەتە بابەتی سیاسی و لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنیا ٣٩٠ هەزار تەن گەنم وەرگیراوەتەوە لە كۆی بەرهەمی جووتیارانمان كە نزیكەی دوو ملیۆن تەنە و پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان بۆ ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بەڕێژەی ٥٠٪ تاوەكوو ئێستا نەدراوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە هەرێمی كوردستان دابەشی سێ زۆن كرا، لە هەولێر ساڵانە بڕی ٢٠٠ هەزار تەن وەردەگیرێت. لە ئیدارەی راپەڕین و سلێمانی ٢٠٠ هەزار تەن وەردەگیرێتەوە، لە سنووری دهۆكیش ساڵانە ١٥٠ هەزار تەن وەردەگیرێتەوە.
گوتیشی: لەسەرەتایی دەستبەكاربوونمان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كارمان لەسەر پڕۆژە و بەرھەمە سەرەكیی و ستراتیژییەكان كردووە، یەكێكیش لەوانە بەرھەمی گەنمە، بۆیەشە ئەو پڕۆژەیەمان دەستپێكرد.