ته‌نها له‌ مانگی رابردوو له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی 6940 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند مانگی رابردوو ژماره‌ی تووشبوانی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان زیادی كردوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ تێده‌ په‌ڕێنن به‌رز بووه‌ته‌وه‌ به‌ جۆرێك ته‌نها لە ماوەی نێوان 19-9 تاوەکو 19-10 لە پارێزگای سلێمانی شەش هەزار و 940 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ئاماری چاکبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆنای راگەیاند، نووسیویه‌تی، لە 13-5-2020 تاوەکو 19-10-2020 لە شاری سلێمانی 13 هەزار و 961 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

ئێستا کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 78 هەزار و 216 کەس. لەو ژمارەیەش 43 هەزار و 858 کەس چاکبوونەتەوە و 2509 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 31 هەزار و 849 کەس لەژێر چاودێریی پزیشکدان.

Back to top button