پەکەکە و رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی
لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوان بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و بوونی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین (بە سەرکردایەتی فەتح) لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتەکانی سەدەی رابردوو لە وڵاتی ئوردن و دواتر لە لوبنان.
لە دوای راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیڵ و ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکی زۆر لە ١٩٤٨ بە دواوە، بەشێکی زۆری فەڵەستینییەکان روویان کردە وڵاتی ئوردن، و دەوڵەتی ئوردنیش، وەکو هاوسۆزییەکی نەتەوەیی عەرەبییانە و داگیرکاری ئیسرائیڵ، ڕەچاوی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و فەڵەستینییەکانی دەکرد. ئوردن رێگای پێدان بە نیشتەجێبوون، یارمەتی دان لە رێکخستنی سەربازی و دانانی کەمپی سەربازی و پڕچەککردن، کۆمەکی دارایی و تەنانەت هەبوونی نوێنەرایەتیش لە پەرلەمانی ئوردن.
ئیدی لە ناوەراستی شەستەکانەوە، گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین، کە لە ژێر چەتری رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی کۆببوونەوە، فراوانتر لە پێشتر دەستیان کرد بە پلاندانان بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیڵ و ئیسرائیڵییەکان و ئەنجامدانی هێڕشی سەربازی دژ بە ئیسرائیڵ لە ناو خاکی ئوردنەوە. زوو زوو، ئۆپەراسیۆنی هێڕشی ئەو دیوی سنووریان لەناو ئیسرائیڵەوە ئەنجام دەدا و دەگەڕانەوە بۆ ئوردن. ئیسرائیڵیش راوی گروپە چەکدارەکان و فەڵەستینییەکانی دەنا، و زۆرجار ئوردن و ئوردنییەکانیش بەر ئەم هێرشانەی ئیسرائیڵ دەکەوتن. بۆ نموونە، لە هێڕشی سامو لە ١٩٦٦، بۆمبێکی فەتح، ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیڵی کوشت. لە بەرامبەردا، ئیسرائێل پەلاماری شارۆچکەی السموع لە کەرتی رۆژئاوا دا، کە ئەوکات هێشتا لە ژێر دەستی ئوردن بوو و زۆری لێ کوشتن.
رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین، لەبەر ئەوەی دژی داگیرکارییەک دەجەنگا، پشتیوانی زۆری سیاسی و جەماوەری جیهانی عەرەبی پەیدا کرد، و وڵاتە عەرەبییەکان، وەکو عێراق و سوریا و میسر و لیبیا و کوەیت، بە هەموو جۆرێک پشتیوانییان دەکرد. مەلیک حوسێن، زوو درکی بەوە کرد کە رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین خەریکە دەبێتە کێشەیەکی گەورەی ئاسایشی نیشتیمانی ئوردن و دراوسێیەتی لەگەڵ ئیسرائیڵ تووشی کێشە دەکات. لە لایەک ئیسرائیڵ و ئەمەریکا و ئەوروپا فشاری زۆری دەهێنا بۆ سەر ئوردن بۆ دەرکردیان هێزە چەکدارەکانی فەڵەستین، لەولاشەوە لە ژێر فشاری جەمال عبدالناسری میسر و دەوڵەت و رای جەماوەری وڵاتە عەرەبییەکان و گەلی ئوردن بوو بۆ ئەوەی کرداری زیاتر دژ بە ئیسرائیڵ ئەنجام بدات، و بڕیاریدا فشاری بەرەی عەرەبی قبوڵ بکات و لە ١٩٦٧ لەگەڵ میسر و سوریا “جەنگی ٦ رۆژە”یان لە دژی ئیسرائیڵ بەرپا کرد. بەڵام عەرەب لەو جەنگە خراپ تێکشکا. ئیسرائیڵ ئەو جەنگەی بە دەرفەت بینی بۆ داگیرکردنی کەرتی رۆژئاوا (رۆژئاوای رووباری ئوردن، شەش شار و قودس و یەک لەسەر سێی خاکی بەپیتی ئوردن) تا چی تر رێگا نەدا لەوێوە هێڕشی بکرێتەسەر، سنووری خۆی فراوان کرد، و دیسان ژمارەیەکی ئێجگار زۆری ئاوارەی فەڵەستینی روویان کردە ئوردن.
دوای ئەم شکستە و هاتنە پیشەوەی یاسر عەرەفات وەکو سەرکردەی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین، رێکخراوەکە لە جاران زیاتر هێڕشی دژ بە ئیسرائیڵ لەناو خاکی ئوردنەوە دەست پێکرد، و هێواش هێواش جێ و پێگەی خۆی لەناو ئوردن فراوان کرد، و شارۆچکەی کەرامەی ئوردن لەسەر سنووریان کردە مەرکەز و پایتەختی خۆیان و چەندین بنکەی گەورەی راهێنانیان بۆ گەریلاکانی سوپای فیدایی رێکخراوەکە لەناو ئوردن دامەزراند. ئیسرائیلیش بەرامبەر ئەو هێڕشانە بێدەنگ نەدەمایەوە و هێڕشی پێچەوانەی ئەنجام دەدا. بۆ نموونە، لە ماوەی سێ مانگدا لە ١٩٦٨، رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین ٣٨ هێڕشی دژ بە ئیسرائیل ئەنجامدا، و لە ئەنجامی یەکێک لەو هێڕشانەدا کە ژمارەیەک مەدەنی کردە ئامانج، ئیسرائیڵ ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا بۆ نەهێشتنی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی لە کەرامەی ئوردنی، بەڵام هەریەکە لە ئیسرائیڵ و رێکخراوەکە و ئوردن کوژراویان زۆر بوو.
ئەم شەڕە متمانە و ورەی بە فەتح و گروپە فیداییەکانی تر دا، کە لە بزووتنەوەیەکی دژە ئیسرائیڵی میوانەوە بگۆڕێن بۆ خاوەن ماڵ، شوێن خۆیان بگوازنەوە بۆ زیاتر ناو قوڵایی شاخەکانی ئوردن و پێگە و جێگای خۆیان فراوانتر بکەن. ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمییان دروستکرد کە حکومەتی خۆجێیی هەبوو، خاڵی پشکنینیان دامەزراند، و دەستیان کرد بە وەرگرتنی باج و سەرانە لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە، و رێگەیان نەدەدا بە هێزە ئەمنییەکانی ئوردن لە ناوچەکەیاندا هەبن، و تەنانەت رووبەڕووشیان دەبوونەوە. لەژێر ناوی جەنگان لە دژی داگیرکاری، رێگایان بە خۆیان دەدا زۆر کاری تر بکەن، لەوانە کوشتنی ئەو کەسە بەرچاوانەی کە رەخنەی ئاشکرایان لەسەر بوونی ئەو بزووتنەوە لە ناو ئوردن هەبوو، و زۆر بە توندی دەستوەردانیان لە کاروباری سیاسی ناوخۆی ئوردون وەردەدا.
ئەمە وای کرد کە رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین پرسیار لەسەر شەرعییەت و دەسەڵاتی شانشنینی ئوردن دروست بکات، تا گەیشتە ئەو رادەیەی چوار فرۆکەی نێودەوڵەتی بڕفێنن و لەناوەراستی سەحرای ئوردن لە پێش کامیراکان بیانتەقێننەوە، ئوردنیان تووشی قەیرانێکی گەورەی نێودەوڵەتی کردەوە. دوای ئەم رووداوە، مەلیک حوسێن بڕیاری یەکلاکەرەوەیدا کە نابێت چی تر لە خاکی ئوردن بمێننەوە، و دەریپەڕاندن.
دوای دەرکردنیان لە ئوردن لە ١٩٧١-١٩٧٢ و رووکردنە لوبنان، رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین هەمان بەسەرهاتەکەی ئوردنی دووبارەکردەوە بە ئیستیغلالکردنی پێشوازیکردنیان لە لایەن لوبنانەوە، و جارێکی دیکە ناوچەیەکیان دامەزراند کە لەوێوە هێڕشی سەر ئیسرائیڵیان پێی دەکرد. بوونی هێزە چەکدارەکانیانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین لە لوبنان جیاوزی زۆری خستە نێو حزبە سیاسی و خەڵکی لوبنانەوە، و دابەشیکردن بەسەر پشتیوانیکردن و بەرهەڵەستی کردن، و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بوو بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی لوبنان. هەروەها، لە دەرئەنجامدا، لە ١٩٧٨ و ١٩٨٢ ئیسرائیڵ هێڕشی کردە سەر لوبنان، کە وێرانبوونی لوبنان و دەرپەڕاندنی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستینی لێکەوتەوە. ئەم رێکخراو