ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوو جێگیری هەیە

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوو جێگیری هەیە
خواكوڕك
دوای ئەوەی دادگا لەبەرژەوەندی ئەكرەم شەریف جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاری دا. لە ئێستادا لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دووكەس وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەن دەوام دەكەن، ئەوەش پێچەوانەی یاسایەو ئەنجومەن دەبێت یەك جێگری هەبێـت .
لە تەلاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەریەكە لە (ئەنوەر تاهیر و ئەكرەم شریف) كە هەردووكیان خۆیان بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن دەزانن دەوام دەكەن، بەڵام یەكەمیان بەبڕیاری ئەنجومەن و ئەوەی دیكەیان بڕیاری دادگای كارگێری پاڵپشتی دەكات لە پۆستەكەیدا.
ئەو كێشەیە لەو كاتەوە دەستیپێكرد كە لە كۆبونەوەی (25- 8-2016 ) ئەنجومەنی پارێزگا بە پێی ڕێكەوتنێكی حزبی لە نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام درا ، لە دانیشتنەكەدا (هەڤاڵ ئەبوبكر ) سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرۆكایەتی دەكردو تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی ئەنجومەن و پارێزگای سلێمانی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان ، لە دانیشتنەكەدا (ئەكرەم شریف ) لابردنی لە پۆستەكەی بە نایاسایی ناوبرد، بەو پێیەی خۆی دەستی لە كار نەكێشاوەتەوە ، دوای لابردنی لە پۆستەكەی (ئەكرەم شریف) سكاڵایی یاسایی تۆمار كرد ، ڕۆژی (20-11-2016 ) دادگای كارگێری سلێمانی بڕیاری لابردنی (ئەكرەم شریف ) ی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن هەڵوەشاندەوە .
لەلایەكی ترەوە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە بڕیاری ژمارە (14 ) متمانەی بە (ئەنوەر تاهیر ) بەخشیوەو هەموو ئەركەكانی ئیداری لە خۆگرتووە ، ئێستا هەریەكە لە ( ئەكرەم شریف و ئەنوەر تاهیر ) وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەوام دەكەن .

Back to top button