بەڵێ کاکە حەمە لە سێدارە بدەن !!

مەسعود مەلا پەروێز
بەڵێ دەبێ کاکە حەمە دادگایی بکرێت و تووندترین سزایش بدرێت ، چۆن دەبێ کاکە حەمە قسەی وا بکات ، چۆن بەو پێنچ حزبە کوردستانیە دەڵێت خاوەن پاڵاوگەی نەوتین و هەموویان هاوبەشن لە گەندەڵی ، نابێ و ناکرێ ، لەم ووڵاتەدا ڕاستیەکان بوترێت ، ناکرێ خەڵک ڕاستیەکان بزانن ، بێجگە لە پارتی و یەکێتی کە خۆیان لە بەرزترین ئاستی گەندەڵی هەژمار دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیان بۆ پێکهێناوە ، بەڵام ئەدی ئەو سێ حزبەی تر کە خۆیان بەپاک و شەفاف و دژە گەندەڵ بەو خەڵکە سادە دەناسێنن ، هەموو ڕۆژێک خەڵکیان هاندەدا ،خەڵکیان لەسەر شەقامەکان کۆ دەکردەووە و چەندین مانگ قوتابخانەکانی سنووری گەرمیان و سلێمانیان ڕاگرت ، دەرکەوت ئەوانیش خاوەن پاڵاوگەی نەوتن !!
بەڵام ئەم هەرایەتان لەسەر بەش کەمی بووە دەرکەوت ئێوەش گەندەڵن ، بۆیە ئەبێ کاکە حەمە دادگایی بکرێت ، ناکرێ لە کوردستانیش دادگای بکرێ ، نەوەک دادووەر و دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبەر خەباتی پێشمەرگایەتی و جەنگی دژە داعش ، پشتگیری بکەن و نەهێڵن سزایەکی گەورە بدرێت ، بۆیە دەبێ دادگای کاکە حەمە لە پایتەختی عێڕاقی مالکی و عەبادی ئەوانی تر بکرێت ، بۆ ئەوەی لەسەر ڕاستگۆی و پاکی و پێشمەرگایەتی ، سزای لەسێدارەی بدەن ، چونکە ناکرێ کەسێک هەبێ ڕاستگۆ بێت و دەمامکەکانی ئێوە هەڵداتەوە ڕووی ڕڵستەقینەتان دەرخا

Back to top button