هێڤیدار ئه‌حمه‌د : هه‌نگاوی داهاتوو بۆ ئاشكراكردنی ناوی بندیواره‌كان دەبێت‌

هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، دوای ئاشكراكردنی ناوی ئه‌و 16 هه‌زار و 505 مووچه‌ خۆره‌ی كه‌ دوێنێ به‌ بڕیاری لیژنه‌ی باڵای بایۆمه‌تری مووچه‌كانیان راگیرا، هه‌نگاوی داهاتوو بۆ ئاشكرا كردنی بندیواره‌كانه‌.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی کۆمەڵایەتی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: ئەو 16 ھەزار و 505 فەرمانبەرەی دوو مووچە وەردەگرن، بەم شێوەیه‌ دابه‌ش ده‌بن كه‌ هه‌زار و 138 كه‌س دوو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رایه‌تی وه‌رده‌گرن، سێ هه‌زار و 891 كه‌س مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رایه‌تی و خانه‌نشینیش وه‌رده‌گرن.

ئه‌وه‌شی نووسیووه‌: پێنج هه‌زار و 734 كه‌س دوو مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرن، هاوكات پێنج هه‌زار و 42 كه‌سی تر دوو كه‌سی تر، دوو مووچه‌ی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرن.

ده‌شڵێت: ئەمانە ئێستا ئاشکرابوون و مانگانە دوو مووچە وەردەگرن و خۆیان بێ دەنگ کردووە! مووچەی داهاتوو وەرناگرن و مووچەکەیان دەبڕدرێت.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، كه‌ ھەنگاوی داھاتوو بو ئاشکراکردنی مووچه‌خۆری بن دیوارەکانە.

Back to top button