میوانداری مودەی هەیە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و بەرگری کردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان تۆمارێکی سەربەرزی هەیە( پەلامارەکانی داعش و حەشدی شەعبی). ئەمجارەش بەرامبەر هەڕەشەکانی بەسێ هۆزات، دەزانێ چۆن و کەی سنوورەکانی خۆی لە تێکدەر و جێبەجێکارانی ئەجێندای خەڵکی دی پاک دەکاتەوە، ئەوەش لەسەر بەخۆدا چوونەوەی سەرانی پەکەکە وەستاوە.
هیچ کوردێک نکۆڵی لەو راستییە جوگرافیایە ناکات، کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی کوردستان، بە حوکمی هۆکارگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکییەوە هەر پارچەیەک لە خاکی دابەشکراوی کوردستان بووەتە خاوەن تایبەتمەندی تایبەت بە خۆی، کە گۆڕینی ئەگەر مەحاڵیش نەبێ ئەستەمە. هەر حزبێک لەدەرەوەی ئەم راستییە بیر بکاتەوە یا کار بکات، جگە لەوەی دانەوە چەقێنە، هاوکات قوڕس کردن یا ونکردنی رێگەی کاری دروستیشە.
لەم روانگەوە دەستێوەردانەکانی پەکەکە لە کاروباری هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی شەرمهێنەری کلکە بڕاوەکانی زیاتر لە خزمەت داگیرکارانی کوردستانە. ئەگەر پەکەکە خەبات بۆ ئازادی کوردستان دەکات، کە من بۆ خۆم لەوە بە گومانم، پێویستە لەیەککاتدا هەم داوای لێبوردن لە هەرێمی کوردستان بکات لەبەرامبەر بارگرانییەکانی، کە ماوەی چەندین ساڵە دروستی کردووە، هەم سوپاسی بکات لەبەرامبەر میوانداریی هەرێمی کوردستان، کە چەندین ساڵە بەرگەی گرتوون.
بەدیوێکی دیکە ئەگەر بەکردەنی پەکەکە رابەری جوڵانەوەی ئازادیخوازی کورد دەکات، وەک ئەوەی خۆیان بانگەشە دەکەن، خۆ دەبێ سەرانیان بیر لە رێگەی دروستی ئەو خەباتە بکەنەوە، چۆن هەر پارچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سنووری خۆی خاوەن بەرژەوەندی و پەیوەندی دیپلۆماسی خۆیەتی و بەشێکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. کەواتە رێگە گرتن لەو شەڕەی دەهۆڵی بۆ دەکوترێ لەنێوان پەکەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بقەومێ، ئەوەیە: پەکەکە خاکی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات، چونکە میواندارییش مودەی خۆی هەیە.
ئەنجام و خەیاڵ پڵاوی پەکەکە
هەر جوڵانەوەیەکی سیاسی هەڵگری هەر چ ئایدیۆلۆژیەک بێت، کاتێک دەستی کرد بە هەڕەشە کردن لە قەوارەیەک، کە بەرهەمی خوێنی رۆڵەکانی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت، بزانە لەوپەڕی مایەپووچی خۆی دایە. بەپێچەوانەی هەڕەشە نوێکانی پەکەکە و شیکردنەوە خەیاڵ پڵاوەکانی هەندێ سیاسەتمەدار، پەکەکە لەوپەڕی مایەپووچی خۆی دایە، نەمازە لەسایەی کردەوەکانی خەریکە ئەو سووکە رۆڵەی لە هاوکێشەکانی ناوچەکە هەیبوو، کۆتایی دێت. بۆیە رووی لە نانەوەی ئاژاوەیە، وەک راستییەک: هەر جوڵانەوەیەکی سیاسی، کە گەیشتە قۆناغی نانەوەی ئاژاوە، بەواتای نووسینەوەی دوا دێری سەرکێشیەکانی دێت. لە وەها حاڵەتێکدا تاکە رێگەی دەرچوونی بەردەمی، ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی تایبەتە بە کۆی کاروکردەوەکانی، بەشێوەیەک رێگەی بۆ بکاتەوە خۆی لەگەڵ پێشهاتە نوێکان بگونجێنێ، ئەگەرنا گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێ، کە پێموایە پەکەکە ئەو دەرفەتەی ماوە بە خۆ دوورخستنەوەی لە پشتیوانکاری، چونکە سیاسەتی ئێستای جیهانی ئازاد، روبەڕووبوونەی سەربازی هێزە سەرەڕۆکان نییە، بەڵکو لەناوبردنی دەست و پێەیەکانیەتی، کە بە کوردی پێی دەڵێن” پەڕ و باڵ کردن” بۆئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ هێزی سەرەڕۆ ناچار بە گۆڕینی رەفتار بکات و ویستەکانی خۆی جێگیر بکات.