ئازاد جوندیانی: پێویستە پەكەكە پەیامی سه‌رۆك بارزانی بە دەرفەت بزانێ نەك ھەڕەشە

سیاسەتمەدارێكی كورد رایده‌گه‌ێنێت پێویستە سەركردایەتیی پەكەكە لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بگەن و داواشی لێ كردن كە پەیامەكە بە دەرفەت بزانن، نەك بە ھەڕەشە.

ئازاد جندیانی به‌ماڵپه‌ری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاندووه‌ كه‌ مەیدانی تێكوشانی پەكەكە باكووری كوردستانە و ئەگەر تێبینییش ھەبێت لەسەر تێكوشانی پەكەكە لە كوردستانی باكوور، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بابەتێكی دیكەیە، بەڵام قسەمان لەسەر ئەوەیە تێكوشانی پەكەكە لە كوێیە و دژی كێ دەیكات، ئەو لەوێ بە ساڵ دوو چالاكی دژی توركیا ناكات، بەڵام ھاتووە لە كوردستانی باشوور ھەموو هێڵێكی بەزاندووە و هەموو شوێنێكی كردووەتە مەیدان بۆ تەراتێنی توركیا، من داوا لە سەركردایەتیی پەكەكە دەكەم پەیامەكەی كاك مەسعوود باش بخوێننەوە و لە جیاتی ئەوەی هەندێ لە بەرپرسانیان قسەی زل زل بكەن و بابەتەكان بۆ ڕای گشتی تێكەڵ و پێكەڵ بكەن، با مەبەستی پەیامەكە وەك خۆی مامەڵە بكەن و ئەو مەترسییەی كە بوونی ئەوان و هێزە چەكدارەكانیان بۆ باشوور دروستیان كردووە، چارەسەر بكەن، وەك ئەوەی لە پەیامەكەدا هاتووە.

راشیده‌گه‌ێنێت سەرۆك بارزانی لە پەیامی رۆژی دووشەممەدا دەرگایەكی لەسەر پەكەكە كردووەتەوە و دەڵێت: پێویستە پەكەكە سوود لە پەیامی كاك مەسعوود وەربگرن، چونكە پێموایە دەرگایەكی كردەوە كە پەكەكە ، گەر مەبەستی بێ ئەوا ئەتوانێ لەوێوە خزمەت پێشكەش بە ھەرێمی كوردستان بكات، هەروەها ئەو ئاڵۆزی و كێشانەی بە ھۆی پەكەكەوە بۆ كوردستانی باشوور دروست دەبن، كۆتاییان پێ بێت.

ئازاد جندیانی رایگه‌یاندووه‌ ئەمە ئەو پەیامەیە دەبێـت پەكەكە بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بكات، نەك بە كاردنەوەیەكی وەھا، وەك لە یەك دوو لێدوانی هەندێ بەرپرسی پەكەكەم بیست، ئەمانە لێكدانەوەی زۆر ناڕێك و مەترسیدارن.

لەبارەی ئەوەی ھەندێ سەركردە و بەرپرسی پەكەكە پڕوپاگندەی ئەوە بڵاو دەكەنەوە پارتی دەیەوێ شەڕی پەكەكە بكات، ئازاد جندیانی گوتی: “پێم وا نییە، چونكە پەیامەكە بۆ ڕێگرتنە لەوەی چیتر پەكەكە زەمینەی سازدانی شەڕ لە گەڵ هەرێم قووڵتر نەكاتەوە و نەیباتە خاڵێكەوە كە گەڕانەوەی بۆ نەبێ، وەك ئەیبینین و دیارە. خۆ ئەگەر پەكەكە بیانووی ئەوە بێت كە لە ھەندێ ناوچەی ھاوسنوور لەگەڵ توركیادا بنكە و بارەگایان داناوە، هەر بۆ بەتاڵكردنەوەی بیانووەكە پرسیارێك دێتە ئاراوە، خێرە پەكەكە لە ناوچەكانی ھەورامان و سورێن و ھاوار چ دەكات؟ خۆ ئەوێش ھاوسنوور نییە لەگەڵ توركیا”.

جندیانی ده‌شڵێت پەكەكە دەیەوێ ھەر بە قسەكردن خەڵكی چەواشە بكات، ئەمەیش ھەڵەیە، چونكە پەكەكە چەندین ھەرێمی نوێی بۆ خۆی لەناو خاكی ھەرێمی كوردستان ڕاگەیاندووە، بۆ نموونە بەپێی هەندێ زانیاری تازەترینیان ھەرێمی خاڵخاڵان و هەروەها ھەرێمی شارباژێڕە، ئەوە سەرەڕای هەرێمی میدیا و هەرێمی هەفتەنین، ھەموو خەڵكی دەزانێت ئەو ناوچانە واتا خاڵخاڵان و شارباژێڕ لە كوێن، ئەگەر بەھانەی ئەوە بێننەوە لە ھەندێ ناوچە كێشەیان بۆ دروست دەكرێت، خۆ لەو ناوچانەی من ئاماژەم بۆ كردن، هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نەكراوە.

ئازاد جندیانی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پێویستە سەركردە باڵاكانی پەكەكە بە وردی لە پەیامەكەی كاك مەسعوود بارزانی بگەن پەیوەست بە سەراپای دۆخەكە، هەروەها بە دڵسۆزانە بۆ خۆیان و بۆ ئایندەی كوردستانیش بە دیدێكی ئیجابیانەوە مامەڵەیەكی ستراتیژی لەگەڵ پەیامەكەدا بكەن و بە دەرەفەتی بزانن، نەك بە ھەڕەشە.

Back to top button