پەکەکە و کێشەکانی

 

* کاتێک پەکەکە، سەختترین مەیدانی خەباتی چەکداری و فراوانترین مەیدانی کاری سیاسی و دیموکراسی لە باکووری کوردستان، شەرمەزارانە جێ دەهێڵێت و پێی وا بێت کە ڕاسپێردراوێتییەکەی بۆ دروستکردنی کێشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کەس نایزانێت و خۆی لێ بێ دەنگ دەکرێت، ئەوەیە کێشەی پەکەکە.
* کاتێک پەکەکە، مەیدانی ڕاستەقینەی کارکردنی خۆی چۆڵ دەکات و سەنگەری ناو شارەکان دەکاتە گۆڕستان، نەوەک بۆ دوژمنەکانی، بەڵکو بۆ خەڵکی کوردی ئەو شارانە، پێشی وابێت دەبێت لە هەرێمی کوردستان ناوچەی تایبەتیی هەبێت و حوکمڕانی تایبەتیی هەبێت و ناو و ئاڵای تایبەتیی هەبێت، خۆشی بەسەر خەڵکی هەرێم فەرز بکات و بەرامبەریشی بێ دەنگی لێبکرێت، ئەوەیە کێشەی پەکەکە.
* کاتێک پەکەکە، ناوی كوردستان دەگۆڕێت و ئاڵای کوردستان قەدەغە دەکات و خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردستان دژایەتی دەکات و پێی وابێت مۆدیلی داتاشراوی خۆی بۆ سڕینەوەی هەست و خەباتی نەتەوەیی و کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان دەسەپێنێت و لە جیاتی خاوەن ماڵ، ئەو دەبێتە بەدیل، ئەوەیە کێشەی پەکەکە.
* کاتێک پەکەکە وا دەزانێت مجامەلەکردنی لەلایەن هەندێ لایەنی ناو هەرێم، بەمەبەستی ڕاگرتنی پارسەنگی ململانێیان لەگەڵ پارتی، شەرعییەتی پێدەدات بۆ ئەوەی مەیلە فراوانخوازی و پاوانخوازییە ڕاسپێردراوەکانی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و پێشی وابێت بۆی دەچێتە سەر، ئەوەیە کێشەی پەکەکە.
* کاتێک پەکەکە لەگەڵ چەند لایەنێکی حەشد خۆی دەکاتە هاوپەیمان و بەهێزی بێگانە دەیەوێت لەسەر خەڵکی کوردستان سنگی خۆی دەرپەڕێنێت و خەڵکی ڕەسەن لە گەڕانەوە بۆ شارەکانیان بێ بەش بکات، ئەوەیە کێشەی پەکەکە.
* کاتێک پەکەکە لە خوێندنەوەی کارتەکان و دراوەکان، هەڵە دەکات و پێیان وایە دەتوانن لە بەڕی خۆیان زیاتر پێیان ڕابکێشن و بەرامبەری هێزی پێشمەرگە، کە سیمبول و شانازی خەڵکی کوردستانە، چەتەگەری بکەن و شەهیدیان بکەن و خەڵکیش بەرامبەریان بێ دەنگ دەبێت، ئەوەیە کێشەی پەکەکە.
* کاتێک پەکەکە، مێژوو و تاقیکردنەوەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی کوردستان و پارتی لەبیر دەکات و پێی وایە دەتوانێت ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکان نەیتوانی بیکات ، ئێستا پێی دەکرێت، ئەوەیە کێشەی پەکەکە.
* شاعیری گەورەی فارس (حافزی شیرازی) لە نیوەدێری شیعرێکی بەناوبانگیدا، سوودی لە پەندێکی جوانی عەرەبی وەرگرتووە و دەڵێت: (من جرب المجرب، حلت بە الندامە).

Back to top button