د.بەشیر حەداد: پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان و پاشکۆی بازنەکان زەمینەسازی بۆ رێککەوتن لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی دەکات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان و پاشکۆی بازنەی هەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی رابردوودی ئەنجومەنی نوێنەران و لە دوای لێکتێگەشتن و گفتوگۆکردن لە نێوان فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ رێککەوتن لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی کە لە خولی رابردوودا ناکۆکی لەسەر بوو.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەشی بەوەداوە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ یاسای دادگای فیدراڵی لە رێگەی پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ، یاخود هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەی ئێستا هەیە، بەشێوەیەک کە لە دەرفەتێکی گونجاو و پێش وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت.

Back to top button