لیژنەی کاروباری پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان هێرشه‌كانی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ ئیدانه‌ ده‌كات

لە كاردانەوەی ڕووداوەكەی رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی دووەم له‌ ناحیەی چەمانكێ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن چه‌كدارانی پەكەكە كرایە ئامانج و پێشمەرگەیەك شەهید بوو و ژمارەیەك پێشمەرگە برینداربوون لە راگەیەندراوێكدا لیژنەی کاروباری پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ‎هێرشه‌كانی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ ئیدانه‌ كرد.

‎لە ئاكامی كردەیەكی سەربازی بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ئەنجامدرا، لە ناحیەی چەمانكی لە قەزای ئامێدی ‎لە بەرواری 2020/11/4 ‎پێشمەرگەیەك بە ناوی (هێرش جوهر محمد)شەهید بوو چەند پێشمەرگەیەكیش برینداربوون ‎لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ‎ئیدانەی ئەم كردەیە و هەموو كردەیەكی هاوشێوەی دەكەین، هەموو شەڕێكی كورد كوژی و مەحروم و شەرمەزاری دەكەین، ‎داوا لەسەرجەم هێزە كوردستانیەكان دەكەین كە خۆیان لە شەڕی خۆكوژی بەدوور بگرن و كێشەو گرفتەكان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكەن.

‎شەڕ ماڵ وێرانكەرە و كەس تێیدا براوە نییە، ‎پەنا بردن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و توندوتیژی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی وەدیهێنەری ئازادی و بونیادنەری قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان و وەک هێزێکی دەستووری و بەشێک لە سیستمی بەرگری دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ، پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی و دەستوور و سەروەری عیراق وهەرێمی کوردستانە، و بەتەواوی دەستێوەردانێکی نایاسایی و ناڕەوایە لەکاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

‎گومانی تێدانیە کە شەڕی خۆبەخۆی کوردان لەگەڵ یەکتری جگە لە زیان و کارەسات و لاوازکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕژانی خوێنی لاوانی کوردستان و سوتانی جەرگی دایک و باوکان شتێکی دیکەی لێ نەهاتۆتەدی، بۆیە دەبێ هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەک بۆئەوە بێ کە پێش بەشەڕ بگیرێ و ئەگەر کێشەش هەبن دەبێ بە گفتوگۆ و ئامرازی ئاشیانە چارەسەر بکرێن و ئەرکی هەموو پارت ولایەنەسیاسیەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانە بەگشتی ئەگەر پێیان ناکرێ لەڕوبەڕووبونەوەی قەیرانەکان هاوکاری گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، ئەوا با کێشەی بۆدروست نەکەن. ‎

وەکو لیژنەی پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوە وەبیر هەموولایەک دەهێنینەوە کە بەداخەوە ئەو دەسکەوتانەی کە بەهۆی خەباتی مێژوویی و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلەکەمان و بەخشینی دەریای خوێنی ڕۆڵەکانمان بەدەستمان هێناوە وا خەریکە لە ئەنجامی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان هیزە سیاسیەکانی کوردستان کەوتونەتە بەر هەڕەشە و مەترسی جۆراوجۆر، ‎بۆیە داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسی و كەسایەتیەكان دەكەین، دەست لەناودەست هەوڵی پێش گرتن بەم ڕووداوە نەخوازراوانەو یەك خستنی هەوڵ و هەڵوێستی نیشتمانی لەپێناو دورخستنەوەی شەڕو باڵادەستی ئاشتی و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و تەرخان کردنی وزەو تواناکان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی قەیرانەکان نەک بەفیڕۆدانیان لەشەڕی خۆکوژی دا . ‎

سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم کردەوە سەربازییە دادەنەوێنین و داوای شیفای خێرا و سەلامەتی بۆ بریندارەکان دەکەین .

‎ لیژنەی کاروباری پیشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان

Back to top button