پاساوهێنانەوە بۆ پەكەكە
چاودێرێک
بەداخەوە چەكدارانی سەر بە پەكەكە جارێكی تر وەك پیشەی هەمیشەییان گەڕێكی تری هەڕەشە و دروستكردنی ناساقامگیری و هەوڵدان بۆ تێكدانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمیان دەست پێكردووەتەوە. ئەمە لە حاڵێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوون بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە بەرانبەر شەڕپێفرۆشتن و زێدڕۆییەكانی پەكەكە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم، ماوەیەكی دوور و درێژە سیاسەتی تەحەمولكردن و دەرفەتدان و دانبەخۆداگرتنی گرتووەتە بەر. هەروەها پابەندیش بووە بە پڕەنسیپی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد كە لە لایەن سەرۆك بارزانی لەپێناو یەكڕیزیی نیشتیمانی و تێپەڕاندنی قۆناغە ناخۆشەكانی ڕابردوو، ڕاگەیێندراوە.
بەڵام پەكەكە كە هەر لە بنەڕەتەوە بڕوای بە هێڵە گشتییەكانی بزاڤی نەتەوایەتیی كورد و كیانی هەرێمی كوردستان نەبووە كە بەرهەمی خوێنی دەیانهەزار شەهید و قوربانیدانی گەلەكەمانە، پڕەنسیپی حەرامكردنی شەڕی كورد و كوردی سەرۆك بارزانی و تەحەمول و پشوودرێژیی پارتی ئیستغلال كردووە و بەردەوام بووە لە زێدەڕۆیی و كەڵەگایی و دەستوەردان لە كاروباری هەرێمی كوردستان و هەروەها هەژماركردنی خۆی وەك بەدیلێك بۆ دامودەزگەی ڕەسمیی هەرێم. لەوەش زیاتر دەستی داوەتە ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان و شەهیدكردنی پێشمەرگە و داگیركردنی زیاتری خاكی هەرێمی كوردستان.
ئەو ڕەفتارە شەڕخواز و دوژمنكارانەی پەكەكە لەدژی خەڵكی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك پاساو هەڵناگرن، بەلای ئێمەوە مەترسیدار و گوماناوین و ئەجێندای گەورەتری لە پشتن و هەڕەشەی جددیشن بۆ سەر كۆی قەوارەی هەرێمی كوردستان. لێرەدا ئەركی لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگە ڕەسمییەكانی هەرێمی كوردستانە كە لە ئاست بەرپرسیارێتییدا بن بۆ ڕەواندنەوەی هەڕەشەكان و پارێزگاریكردن لە كیانی هەرێمی كوردستان مامەڵەیەكی نیشتیمانیانە و ڕاست و دروست بكەن. دەبێ هەموو لایەكمان ئەوە بكەینە بنەمای كاری خۆمان كە بەرژەوەندیی باڵای گەلی كورد و مانەوەی كیانی هەرێمی كوردستان بابەتێكە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی تر و، ناكرێ تەنیا لە چاویلكەی حزبییەوە سەیری ڕووداوەكان بكرێت و چارەنووسی گەلەكەمان بدرێتە دەست یارییەكی گوماناوی.
جێگەی داخە كە لەبری هەڵوێستی بەرپرسیارانە لەمەڕ ئەو هەڕەشانە، هەڵوێستی لایەندارانە و لاواز ئەویش بە پێوەر و سەلیقەی حزبی لە لایەن هەندێ لایەنی سیاسیی هەرێم دەدیترێت و هەندێكیان بێ ئینسافانە پارتی بە كاركردن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی براكوژی تاوانبار دەكەن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا پارتی پەكەكەی كوشتوون یان ئەوە پەكەكەیە كارمەندی ئاساییش و پێشمەرگە شەهید دەكات؟ پارتی خاكی كەسی داگیر كردووە یان پەكەكە بە زۆری چەك سەدان گوندی خەڵكی هەرێمی داگیركردووە و ژیانی لێ زەوت كردوون؟ بۆچی پێشمەرگە مافی ئەوەی نەبێت لەسەر خاكی خۆی چالاكیی سرووشتیی هەبێت بەڵام پەكەكە ئەو مافەی هەبێ تیرۆر بكات و لوغم دابنێت و تەقە بكات و پێشمەرگە شەهید بكات؟
لەو ڕووداوانەدا گەلی كوردستان و پێشمەرگە مەزلوومن و ناحەقیان بەرانبەر كراوە و پەكەكەیش لایەنی دەستدرێژیكار بووە و بێشەرمانە دەستی بە خوێنی ڕۆڵەكانمان سوور كردووە و هێشتایش بەردەوامە لە چەواشەكاری و خۆبەحەقزانین و خۆیان لێ بووەتە بەدیلی دامودەزگەی شەرعی و ڕەسمیی هەرێم.
لە ڕاستیدا ئەو هەڵوێستانە جێگەی گلەییەكی زۆرن كە قەیرانەكە وەك فرسەتێك دەبینن بۆ ئەوەی زیان بە پارتی بكەوێت و لە هۆكاری هەڵوێست و ڕیاكارییەكانیشیان تێدەگەین. لەوەش دەگەین كە هەندێ خەڵكی بێویژدان هەن تەمەننای ئەوە دەخوازن شەڕێكی گەورە ڕوو بدات بۆ ئەوەی پارتی ماندوو بكرێت و كاتی بۆ بابەتە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستان نەمێنێت و بە هەڕەشە و زێدەڕۆیی خەڵكێكی سەرلێشێواو و بێ ئامانجەوە سەرقاڵ بكرێت.
لەو میانەدا ئەوەشمان هەردەم وەبیرە كە ئەركی پارتی هەمیشە قورستر و بەرپرسیارێتییەكانی گەورەترن و پارتی پێشەنگی پارستنی كوردستان و بەدەستهێنانی سەركەوتن و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانە. هەر لەو سۆنگەیشەوە ئەگەر كار گەییشتبێتە سەر ئەوەی شكۆی گەلەكەمان و مان و نەمانی هەرێمی كوردستان بكرێتە ئامانجی نەیاران و داخلەدڵان، پارتی بە هەموو توانایەكییەوە بەرگریی لە كوردستان كردووە و لە ئاییندەشدا دەیكات.
لە بارەی شەڕفرۆشییەكانی پەكەكەش هەڵوێستی پارتی زۆر ڕوونە. چارەسەر ئەوەیە پەكەكە ڕێز لە ئیرادەی گەلی كوردستان و یاسا و دامودەزگاكانی هەرێم بگرێت و چیتر دەست بۆ خوێنی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان نەبات و ماڵ و موڵكی خەڵكی كوردستانیش بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەكانی. پارتی بڕوای بە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. بەڵام هەر جۆرە نابژیوانیی لایەندارانە و هەوڵی چەواشەكارانەی هەندێ لایەن ڕەت دەكاتەوە كە پەكەكە زیاتر هان بدات بۆ كارە ناڕەواكانی و، پاساویش بۆ زوڵم و شەهیدكردنی پێشمەرگە و ناحەقی و كەڵەگایی بهێنێتەوە.