وەزیری تەندروستی: باشترین ڤاكسین بۆ كۆرۆنا دەمامكە

وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێویستە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كەم بكرێتەوە و باشترین چارەسەر ئێستە بەستنی دەمامكە.

ئەمڕۆ شەممە ٧ی ١١ی ٢٠٢٠، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تاكپارێزی بۆ هاووڵاتییان زۆر پێویستە و تا ئێستە باشترین ڤاكسین بەكارهێنانی دەمامك و شووشتنی دەستەكان و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتییە.

وەزیری تەندروستی گوتی، رێكخراوی تەندروستی جیهانی و بەرپرسان هەمیشە هۆشدارییان داوە بە هاووڵاتییان دەبێت مەترسی كۆرۆنا لەبەرچاو بگرن، هەروەها تووشبوون بەكۆرۆنا لە دنیادا ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، بۆیە زۆرینەی وڵاتان چەندان ڕێكاری جیاواز دەگرنەبەر.

باسی لەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستان چەندان ڕێكاری پێویست دەگرینەبەر و ئەوەی پێویستە ئێستە هاووڵاتییان تاكپارێزی بكەن، هەروەها لەبەر گوزەرانی هاووڵاتییان تا ئێستە ناتوانن هەندێك ڕێكاری بگرنەبەر، بەڵام پێویستە هاووڵاتییان خۆیان هۆشیاربن و تاكپارێزی بكەن.

Back to top button