بۆ ئەوانەی لە ئاست مالیکی بێدەنگن
سوورە مەرگەیی
ئەی ئەوانەی لە ئاست فەرمان و خۆ بە نوێنەر کردنی نوری مالیکی خۆتان کەڕ و لاڵ و کوێر دەکەن و لە چەواشەکاری سیاسی و موزایەدەی کوردایەتیشدا زمانتان مەترێک درێژە و دەڵێن: حەمرین دوا خاڵی سنووری کوردستانە، یان دەڵێن: یان کەرکوک و خانەقین، یان تا ماوین دەجەنگین، کەچی نوری مالیکی گوتی: دوای شەڕی داعش دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنووری پێش رووخانی رژێمی بەعس، لە ئاست ئەو لێدوانە دوژمنکاریەی نوری مالیکی مردووی قەبران بە دەنگ هاتبن ئێوەی موزایەچی و چەواشەکار بەدەنگ نەهاتن، بۆیە روخسەت لە ئێوەی مالیکی دۆست وەردەگرم و دەڵێم: کوردستان خاوەنی خۆی هەیە و پێشمەرگەش فەرمان لە خاوەنی کوردستان وەردەگرێ، نەک لە مالیکی دۆست و کەڵەگای ئێوە. نوری مالیکی تاکلایەنە گوتی: کورد سەربەخۆیی ناوێ، دیارە پشتی بە رێککەوتن و هەڵوێستە شەرماویەکانی ئێوە قایمە، هەر بۆیەش بێدەنگیتان هەڵبژارد و زمانی کوردایەتیتان لە گۆ کەوت، گوێی کوردایەتیتان ئاخنی و چاوی کوردەیەتیتان نایە سەریەک، کاتێکیش سەرۆک بارزانی گوتی: بۆ سەربەخۆیی کوردستان راپرسی دەکەین، ئێوە دەنگتان هەڵبڕی و سەنگەرتان لە بڕیاری گەل گرت، بۆیە یارمەتیتان لێوەردەگرم و دەڵێم: نەدەبوایە بەناوی هەموو کوردەوە بەڵێنی چوونەوە باوەشی عرووبە بە نوری مالیکی بدەن. نوری مالکی گوتی: کورد خۆشگوزەرانی دەوێ، ئێوەش دەڵێن: دەوڵەتی بێ مووچەمان ناوێ، ئەو هاودەنگی و هاوڕابوونەى ئێوە و مالیکی ناچارم دەکات بێ روخسەت وەرگرتن پێتان دەڵێم: تەنها دەوڵەتی کوردی خۆشگوزەرانی بۆ کورد دێنێ، مووچە بڕینی نوری مالیکی و بێدەنگی ئێوەش لە ئاست لێدوانەکانی، بۆ رێگری کردنە لەو خۆشگوزەرانیەی دەوڵەتی کوردی دابینی دەکات. نوری مالیکی دەڵێ: بارزانی بە کام یاسا سەربەخۆیی رادەگەیەنێ، منیش دەڵێم: بە یاسای رەتکردنەوەى ژێردەستەیی.