لەبارەی دانپێدانانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەمریکا، زاواکەی داوایەک ئاراستەی ترەمپ دەکات

جێرد کوشنەر زاوا و راوێژکاری باڵای کۆشکی سپی داوا لە دۆناڵد ترەمپی خەزوری دەکات دان بەئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بنێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، جێرد کوشنەر کە زاوای ترەمپە و بەرپرسیارێتی مەلەفی چارەسەری کێشەی فەلەستینی پێدراوە و لەچەندین بۆنەدا ترەمپ بە سەرکەوتو پێناسەی کردوە، داوای لەدۆناڵد ترەمپ کرد دان بەئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بنێت و پیرۆزبایی لەبایدن بکات.

CNN لەزاری دو سەرچاوەوە زانیویەتی، کوشنەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەتایبەتی بۆ ئەو بابەتە سەردانی کۆشکی سپی کردوە و داوای لەترەمپ کردوە ئەو بابەتە دوانەخات، بەڵام سەرچاوەکان زانیاری زیاتریان ئاشکرانەکردوە.

دوێنێ شەوی رابردو بەکاتی هەرێمی کوردستان، دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکان و مسۆگەرکردنی زۆرینەی کورسییەکان، ترەمپ چەند تویتێکی کرد و خۆی بەبراوەی هەڵبژاردنەکە لەقەڵەمدا.

لەتویتێکدا ترەمپ نوسیویەتی، 71 ملیۆن دەنگی یاسایی بەدەستهێناوە و ئەو هەڵبژاردنەکەی بردۆتەوە، رێگەش نەدراوە چاودێرەکانیان چاودێری پرۆسەکە بکەن و سەدان هەزار ئیمێڵ بۆ خەڵک نێردراوە کە نایاسایی بوە و ئەوەش ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی گۆڕیوە.

Back to top button