جان دۆست، نووسەری ناوداری کورد بۆ پەکەکە : مەیدانی تێکۆشان لە ئامەدە نەك لە شەقامەکانی ئامێدی و گوندەکانی بادینان

جان دۆست، نووسەری ناوداری کورد لە گوتارێکیدا ناڕاستەوخۆ پەیامێک بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان دەنێرێ، وێنەیەکی گۆڕەپانێکی شاری ئامەدی باکووری کوردستان بڵاودەکاتەوە دەڵێ تێکۆشان لێرەیە نەک لە ئامێدی و گوندەکانی بادینان.

ئەو نووسەرە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وێنەیەکی ئەو گۆڕەپانەی بڵاوکردووەتەوە کە لە نزیک شورەی شاری ئامەدی باکووری کوردستان کە لە ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی تیایدا لە سێدارە دران، جان دۆست دەڵێ “ئەتاتۆرک بوو ئەوانی لەسێدارە دا، بۆ ئەوەی کۆمارە تازەکەی بەهێز بکات، کە لەسەر حسابی مافەکانی کورد بنیات نرا، ئینجا شوێنەواری تێکڕای گۆڕەکانیشان بزر کرد، کە باوەڕ وایە لەژێر ئەو باڵەخانە بەرزەدا نێژرابن”.

جان دۆست ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە “ئێستا دەوڵەتی تورکیا ئەو باڵەخانەیە دەڕووخێنێ، رەنگە باڵەخانەیەکی دیکەی لەشوێندا دروست بکات، تەنانەت بیستوومە، کە شوێنی شەهیدکردن و گۆڕی شێخ سەعید و شوێنکەوتووانی گواسترابێتەوە ئاودەستخانە گشتییەکان، بۆ زیاتر زەلیلکردنی گەلی کورد و سمبولەکانی”.

ئەو نووسەر ناودارەی کورد کە گوتارەکەی بە ناونیشانی ” مەیدانی خۆتان جێمەهێڵن” بڵاوکردووەتەوە لە ناوەڕاستی گوتارەکەیدا ئامانجی گوتارەکەی ڕوونکردووەتەوە کە بریتیە لە پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ پەکەکە و نووسیویەتی”مەبەستم لەم قسانەدا ئەوەیە، کە تێکۆشانی راستەقینە لێرەیە، نەک لە جادەکانی ئامێدی و گوندەکانی بادینان”.

نووسیویەتیشی” پێویستە هەمووان یەکتر قبووڵ بکەن، هەرێمی کوردستان پەیوەندیی هەیە لەگەڵ تورکیا، دەکرێ ناوی بنێین پەیوەندیی ناچاری، کە بە پلەی یەکەم بەرژەوەندییە ئابوورییەکان سەپاندوویانە، بۆیە پێویستە بوەستن لە رشتنی ژەهری کینە و تۆمەتبارکردنی حکوومەتەکەی بە خیانەت و بەکرێگیراوی، پێویستیشە لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە رای گشتیی کوردی لەو پارچەیەدا نەوروژێنرێ، کە دەسکەوتێکی مێژوویی بەدەست هێناوە، کە هەر لە ساڵی 1991ەوە ئاڵای کوردستانی بەرز کردووەتەوە”.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا جان دۆست دەڵێ “هیوادارم عاقڵمەندانمان گوشار لە حزب بکەن، کە پێیان وایە نوێنەرایەتیی داخوازییەکانیان دەکات، بۆ ئەوەی رێگریی لێ بکەن لە ئەنجامدانی سەرکێشییەک، رەنگە سەرەتای هەبێ، بەڵام بێ شک کۆتاییەکەی جگە لە لاوازبوون و چوونەدەرەوەی هەموو لایەک لە گۆڕەپانی مێژوودا، هیچی دیکە نییە”.

Back to top button