بۆچی كچی كورەكەی بایدن حەزی بەوێنەگرتن بوو لەگەڵ سەرۆك بارزانی

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی مێژووی وێنەیەك و كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بایدن و سەرۆك بارزانی دا دەنووسێت” سەرۆک بارزانی و شاندێکی یاوەری بانگھێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ کرابوون لە شوباتی ٢٠١٥. لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک بارزانی لە ماوەی دوو رۆژدا، ٢٤ کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ھەبوو لەگەل سەرۆک و سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوەو بەرگری و شاندی جیا جیا. هەر لەنووسێنەكەی دا دەنووسێت” یەکێک لەو دیدارانە لەگەل جۆزێف بایدن جێگری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا بوو کە ئێستا بە سەرۆک کۆماری ٤٦ ەمینی ئەمریکا ھەلبژێردراوە. شاندی یاوەری جەنابی سەرۆک لە دیداری لەگەڵ جۆزێف بایدن پێکھاتبوون لە مستەفای سەید قادر و د. فواد حوسێن و ھێمن ھەورامی و فەلاح مستەفا.

هەروەها هێمن هەورامی دەشنووسێت” کاتێک جەنابیان و شاندەکە گەشتنە شوێنی کۆبوونەوەکە، بایدن بە گەرموگوڕیەکی زۆری دۆستانەوە لە دوورەوە ئامێزی بۆ جەنابی سەرۆک کردەوە و جەنابیان بە بایدنی وت سوپاستان دەکەم و بایدن پێی وت سوپاس بۆ چی ، دەبێت ئێمە سوپاسێکی زۆری تۆ بکەین.

هەروەها هێمن هەورامی لەبارەی جۆبایدن دەنووسێت” کاتێک بایدن تەوقەی لەگەل کاک مستەفای سەید قادر کرد پێی وت من بایدنم ھاوڕێ و دۆستە باشەکەی سەرۆک بارزانیم . بە پێی کاتی دانراو بۆ دیدارەکە، دەبوو تەنھا نیو کاتژمێر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەلام چڕ و پڕی بابەتەکان و بایەخ و پێگەی گەورە و دیار و بەرچاوی جەنابی سەرۆک لە ناو ھاوکێشەکانی ناوچەکە و سەرکردایەتی شەڕی تێکشکاندنی داعش و خستنە رووی بابەتەکانی پەیوەست بە ئەو کات و ئایندەی پرسی کورد و چاوەروانیەکانی کورد لە ئەمریکا و ئەمریکا لە کورد بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندی و دۆز و ئەولەویەتەکانی ھەردوولا، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێرێک و نیو درێژ بوویەوە.

هێمن هەورامی باسی وێنەكە دەكات و دەلێت” لە بەرە بەری کۆتایی ھاتنی دیدارەکە، بایدن داوایەکی لە جەنابی سەرۆک کرد کە ئەگەر وەختی ھەبێت، نەوەیەکی لەگەڵیەتی و کچی ھانتەری کوڕیەتی و پێی خۆشە وێنەیەک لەگەل جەنابی سەرۆک بگرێ چونکە بایدن پێشتر پێی وتبوو ئێستا دەچم کۆبوونەوەم لەگەل پیاوێک ھەیە کە نموونەی لە ھەموو ناوچەکە کەمە. بایدن باسی کرد کە خۆی و جەنابی سەرۆک جگە لەوەی ھەردولا خاوەن دۆز و باوەری قوڵن بە میللەتەکەیان و خاوەن گفت و قسەی خۆیانن، ھەردووکیان نەوەکانیان خۆش دەوێن.

هەروەها جۆبایدن لەبارەی كوری مەنسور بارزانی كە تووشی روداوی هاتووچۆ بووە پرسیار دەكات و هێمن هەورامی بەمشێوەیە دەگرێتەوە”لەوێش ھەواڵی دارەوانی کوڕی کاک مەنصور بارزانی پرسیەوە کە پێش ماوەیەک تووشی رووداوی ئۆتۆمبیل بوو بوو و بایدن لە رێگای باڵێۆزخانەکەیانەوە بۆ ھەوال پرسین چەپکە گوڵی لە نەخۆشخانە بۆ ناردبوو. دوای ئەوەی جەنابی سەرۆک بە خۆشحاڵیەوە داواکەی بایدنی پەسەند کرد، بایدن داوای لە یەکێک لە ستافەکانی خۆی کرد نەوەکەی بۆ بانگ بکەن.

هەروەها دەنووسێت”کاتێک نەوەکەی ھاتە ژووری کۆبوونەوە، بایدن وتی جەنابی سەرۆک ئەمە فێنیگنی کچی ھانتەری کوڕمە و تەمەنی ١٥ ساڵە و یەکترمان زۆر خۆش دەوێت. بایدن رووی کردە نەوەکەی و پێی وت ئەمە ئەو سەرۆکەیە کە بۆم باس کردی و چەندین سالە لە مەلەفی عێراق و ناوچەکە پەیوەندیمان ھەیە و نموونەی لە ناوچەکە کەمە، چونکە سەرۆکێکە باوەرێکی قوڵی بە دۆزی گەلەکەیەتی و خاوەن گفت و بەڵێنی خۆیەتی و کردەوەو قسەکانی یەک بوون، شتێکی نەکردوە نەیوتبێ و شتێکی نەوتووە
نەیکردبێ.

لەكۆتایی نووسینەكەشی دا دەنوسێت”بۆ گرتنی وێنەکە تەنھا وێنە گرێکی کۆشکی سپی لەوێ بوو، بۆیە وەک یەکێک لە ئەندامانی شاندی یاوەری جەنابی سەرۆک ھەر با ئایفۆنەکەی خۆم ئەو وێنەیەم گرت.

Back to top button