یەکەم لێدوانی میلانیای هاوسەری ترەمپ لە پاش سەرکەوتنی بایدن

دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بە سەرکەوتنی جۆ بایدنی رکابەری دۆناڵد ترەمپی هاوسەری، میلانیا ترەمپی خانمی یەکەمی ئەمریکا بێدەنگی شکاند و رایگەیاند، “ئەمریکیەکان شایەنی هەڵبژاردنێکی پاکن.

میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە تویتەری خۆی بە دیاریکراوی رایگەیاند، “خەڵکی ئەمریکا شایەنی هەڵبژاردنی پاکن. هەر دەنگێکی یاسایی، نەک نایاسایی، دەبێت بژمێردرێت. پێویستە بە شەفافییەتی تەواوەوە دیموکراسیەتی خۆمان بپارێزین”.

شرۆڤەکارانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە لەم قسانەیدا، خانمی یەکەمی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک پشتگیری بۆ دۆناڵد ترەمپی هاوسەری دەرنەبڕیوە و ئەوەش، ساردیی پەیوەندی نێوانیان دەردەخات.

رۆژی 7ی ئەم مانگە، زۆرینەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان زیاتر لە 270 دەنگی دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکی بەدەستهێناوە و بەوەش بووەتە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە.

Back to top button