جارێكی تر دەزگایی رۆشەنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی درۆ و بوختانەكانی پەكەكە دایەوە

لە راگەیاندراوێكدا دەزگای رۆشەنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە”پەکەکە و ھەموو ئەو تایتڵ و ناوانەی تر، کە دەچنەوە سەر پەکەکە، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، کە خەڵکی تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان لە ماھیەت و ھەقیقەتی پەکەکە تێگەیشتوون و دەزانن، بۆچی و بە چ مەرامێک، ئەو مەرامەی کە خزمەت بە ناحەزانی گەل دەکات، پەکەکە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتی لە باکووری کوردستان جێھێشتووە و ھاتۆتە باشووری کوردستان و گێچەڵ و شەڕ بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەفرۆشێت.

 

دەقی وەڵامی دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بۆ پەكەكە و زۆزان چەولیك

وەڵامێک بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە و زۆزان چەولیک

کۆمیتەی بەرێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە (42) چل و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا و، ھەروەھا (زۆزان چەولیک) لە ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە)، بە ھەڵچونێکی زۆرەوە، دوور لە لۆژیک و واقیعبینی باس لە پرسگەلێکی پەیوەند بە ھەرێمی کوردستان، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەن، تایبەت لە شیکردنەوەی ڕووداو و هەروەها  ئیستفزاز و شەڕپێفرۆشتنەکانی پەکەکە بە ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە کەوتوونەتە ناو ھەڵەی مێژوویی و سیاسی و تەنانەت ھەڵەی چاندیشەوە.

 

زۆر بە پوختی، کورت و رەوان دەمانەوێت بڵێین :

پەکەکە و ھەموو ئەو تایتڵ و ناوانەی تر، کە دەچنەوە سەر پەکەکە، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، کە خەڵکی تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان لە ماھیەت و ھەقیقەتی پەکەکە تێگەیشتوون و دەزانن، بۆچی و بە چ مەرامێک، ئەو مەرامەی کە خزمەت بە ناحەزانی گەل دەکات، پەکەکە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتی لە باکووری کوردستان جێھێشتووە و ھاتۆتە باشووری کوردستان و گێچەڵ و شەڕ بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەفرۆشێت.

ڕاستییەکی دیرۆکی ھەیە، کە پێویستە باسی بکەین، ڕاستییەکەیش ئەوەیە، کە پەکەکە لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا نەیتوانی وەکو ھێزێکی نەتەوەیی درێژە بە خەباتی سیاسی و ئازادیخوانە بدات و  لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیدا نەخشی ھەبێت، نەخشێک، کە لەسەر کۆڵەگە دیموکراسی و مۆدێرنەکانی ژیانی سیاسیی ھاوچەرخ نەخشێندرا بێت، تا  سەرنجی دونیای نوێ بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی ڕەوای گەل کۆبکاتەوە، کەچی پەکەکە نەک ھەر  نەیویست ئەو ڕۆڵ و نەخشە ببینێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆڵێکی نێگەتیڤی ئەوتۆی  گێڕا، کە باسکردنی زۆری دەوێت و لێرە تەنیا ئاماژە بۆ ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤە دەدەین، کە بریتیە لە شەڕفرۆشتن بە خەڵکی کوردستان و دژایەتیکردنی پەرلەمان و حکومەتی بە دیموکراسیی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی کوردستان، کە ھەر لە ڕۆژی دامەزراندییەوە و، لەو کاتەی کە گەلی کوردستان ھێشتا ھەر لە نێو  کەشی سەرھەڵدان و ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی (1991) دابوو و تا ئێستایش  هەر بەردەوامە !..

پەکەکە لە دوای سەرپێکەوتنی تا ئێستا ھیچ کاتێک ئارمانجی پرسی کورد نەبووە، ئەگەر لە شوێنێکیش پرسی کوردی خستبێتە نێو ڕستەوە، ئەوا ھەر بۆ سەرگەرمکرن و جوانکردنی پەرەگرافە سیاسی و میدییاییەکانی بووە و ھیچیتر ، ئەگینا پەکەکە تەنھا یەک ئارمانجی ھەبووە، ئەویش سەپاندنی ھەژموونی خۆی لەسەر تەواوی بزاڤی کورد، ھەژمونێک دوور لە دیموکراسی و شەرعیەتی یاسایی و، دوور لە چەمکەکانی ژیانی مۆدێرنی سیاسیی ھاوچەرخ.

پەکەکە لەنێو خۆیدا، ھەروەھا لەنێو پارتە کوردییەکانیشدا، تەنھا ڕۆڵی لێدانە لە کەسایەتییە نەتەوەییەکان، لێدان تا ڕادەی ناوزڕاندن، پاکتاوکردن و تیرۆرکردنیان و، ئەوانەی ئاگایان لە مێژوو و فاکت و زانیارییەکانە باش ئەو ھەقیقەتە تاڵە دەزانن !..

پەکەکە، کە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتی جێھێشتبێت، کە دوور بێت لە پرەنسیبەکانی کاری دیموکراسی، کە شەڕی خەڵک و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات و ، نەتەوە  و خاک و زمان و ئاڵای کوردستان خەمی ئەو نەبێت، ھەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە پەکەکە کەوتۆتە خزمەت ئەجێندا ھەرێمییەکان و بە خراپترین شێوە لەلایەن ھێزە ھەرێمییەکانەوە بەکار دەھێنرێت!..

سیاسەتی پەکەکە سیاسەتێکی نانەتەوەییە، پەکەکە چەندین جار بۆتە ھۆی شەڕ و خوێنڕشتنی کورد و زیانی مەزنی لە دۆزی ڕەوای کورد داوە، سووربوونیشی لەسەر ھەمان سیاسەتی نانەتەوەیی، بۆ گشت دڵسۆزان و دیموکراتخوازان بۆتە جێی پرسیار و گومان، پرسیار و گومانێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ پەکەکە لاوازتر دەکات !.. لاوازبوونێک کە تادێت پەکەکە زیاتر  دەخاتە باوەشی ناحەزانی کورد و کوردستان و، ئەوانیش کاری سەیری پێ دەکەن، کارگەلێک کە لە ھیچ لۆژیکێکدا جێگەی نابێتەوە، لەوانە: ڕفاندنی منداڵ، تێکدانی پرد، خراپکردنی گوند و ئەزیەتدانی جوتیار و وەرزێر و سوتاندنی ڕەز و باخەکانیان و، تا دەگاتە وەستانەوە بە ڕووی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە دەسکەوتی خوێنی ئاڵی شەھیدان و خەباتی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان و ڕەنجی لەبن نەھاتووی گەلی کوردستانە .

دوای دروستبوونی قەوارەی شەرعی ھەرێمی کوردستان، پەکەکە سیاسەتی دژە پارتی و بارزانی گرتەبەر و جێبەجێکرنی گشت پیلان و سیاسەتەکانی لەو بوارەدا گرتۆتە ئەستۆ، چوار جەولەی شەڕی پەکەکە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکان بەسن و بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە حاشاھەڵنەگرەی، کە پەکەکە ئامادەکاریی بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕێکی تازە دەکات، شەڕێک کە بەر لە ھەر لایەنێک خۆی زەرەری لێ دەکات و باجەکەی دەدات!..

 

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

پارتی دیموکراتی کوردستان

١٠ـی١١ـی٢٠٢٠

Back to top button