سەربەست لەزگین: مەرجی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە چاكسازییە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەك بە ناوی “پێشمەرگە لە ئایندەدا” هەردوو لیوای 14 و 16ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیان پڕچەك كرد، بریاکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت مەرجی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە، چاكسازییە.
سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوه: “هاوكاریی سەربازیی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سوودێكی زۆری لە رووی سەربازییەوە هەیە بە ئاراستەی پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە، هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمەریكاش بۆ هێزی پێشمەرگە، خۆی لە چەندین كەلوپەلی سەردەمیانەدا دەبینێتەوە، كە بریتین لە زرێپۆش و كەلوپەلی سەربازی بە ستانداردی سەربازیی سەردەم، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێكی دیكەی گرنگ بۆ بەهێزبوونی هێزەكانمان لە ڕووی لۆجستیەوە.”
هەروەها بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە : “مەرجی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە، چاكسازییە لە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، هەروەها چەند هەنگاوێك لە بەرنامەی چاكسازی جێبەجێ كراون، لە دوو ساڵی رابردووشدا سیستمی یەكخستنی لیواكان لە چوار بەتالیۆنەوە كراوەتە سێ بەتالیۆن، ئەوانەشی زیاد بوون، سەرقاڵین رێكیان دەخەینەوە.”