پاسێکی گەشتیارانی سلێمانی لە باکووری کوردستان وەرگەڕا
لە پارێزگای رووهای باكوری كوردستان لە رووداوێكی هاتووچۆدا 32 كەس برینداربوون كە لە باشووری كوردستانەوە گەشتیان بۆ توركیا كردبوو، دوای گەیاندنیشیان بە نەخۆشخانە یەكێك لە بریندارەكان گیانی لەدەستداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار شهممه، لەسەر رێگەی رووها – وێرانشار روویداوە، پاسەكە لە سلێمانییەوە ژمارەیەك گەشتیاری گواستۆتەتەوە، كاتێك لە شاری مێردینەوە بەرەو رووها چووە لە نزیك گوندی تەرزی وەرگەڕاوە.
هەر بەپێی هەواڵەكە شوفێری پاسەكە كەسێكە بە ناوی تالها حەسەن و بەهۆی لەدەستدانی كۆنتڕۆڵەوە پاسەكەی وەرگەڕاوە و بەو هۆیەوە 32 كەس لە سەرنشینەكانی نێو پاسەكە برینداربوون، هەر بەپێی زانیارییەكان دوو لە بریندارەكان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و سەرجەمیان خەڵكی باشووری كوردستانن.
سەرنشینانی پاسەكە لە شاری سلێمانییەوە بەمەبەستی گەشتكردن بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای سامسوون سەردانی توركیایان كردووە، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانەی رووها، یەكێك لە بریندارانی پاسەكەی سلێمانی لە نەخۆشخانەی رووها گیانی لەدەستداوە.