وەزارەتی پێشمەرگە : نیگەرانی ئەو رووداوەی ئهمڕۆین و شەهیدان و تاجی سەرمانن

وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانی ئەو رووداوەی ئهمڕۆیە کە لە هەولێر لەکاتی پێشکەشکردنی هاوکاری بەسەر کەسوکاری شەهیدان روویدا، دەڵێ “شەهیدان و کەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن”.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بەڕێزان کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان
نیگەرانین لەو رووداوە نەخوازراوەی کە ئەمڕۆ ۱۱/۱۱/ ۲۰۲۰ ی بەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەشاری هەولێر روویدا.
لەگەڵ رێزو پێزانینمان بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مرۆییەکان کە هەمیشە هاوکارو یارمەتیدەری باشی وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگەن.
دیارە، ئەمڕۆش رێکخراوێکی خێرخوازی جیهانی، لەپڕۆژەیەکدا بڕیاریدا بە دابەشکردنی کۆمەڵێک کەل و پەلی وەک هاوکاری پێشکەش بەکەس و کارو وارسی شەهیدانی شەڕی دژ بەداعش. تیایدا جۆر و قەبارەی کەرەستەکان گلەیی و نیگەرانی کەس وکاری سەربەرزی شەهیدانی لێکەوتەوە.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیگەرانی ئەو رووداوەین، شەهیدان وکەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بەئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان