لێژنه‌ی دارای په‌رله‌مانی عێراق دوو برگه‌ی دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێو یاسای وه‌رگرتنی قه‌رز جێگیر كرد، فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانیش به‌ توندی ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی كازمی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتبوون، تا په‌سندكردنی یاسای بودجه‌ی 2021، به‌غدا مانگانه‌ 320 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات و له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ولێر رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێی سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌ یاسای قه‌رز جارێكی دیكه‌ فراكسیۆنه‌ عێراقیه‌كان له‌ هه‌وڵی ته‌گه‌ره‌ خستنه‌ به‌رده‌م حكومه‌تی كازمی بۆ نه‌ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم به‌ پێی یاسا.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ده‌زگای میدیای خواكوڕك ئه‌مشه‌و لێژنه‌ی دارای و ئابووری په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوای مشتومرێكی زۆر، لێژنه‌ی دارای بڕیاریدا كه‌ دوو مه‌رج  دژ به‌هه‌رێمی كوردستان له‌ نێو یاسای وه‌رگرتنی قه‌رز جێگیر بكه‌ن.

 

سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كان ئاشكراشیانكرد كه‌ مه‌رجه‌كان بریته‌ له‌ زیاد كردنی بڕی نه‌وتی راده‌ستی كرا له‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ بۆ 380 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، وه‌ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان به‌ حكومه‌تی عێراق له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی عێراق بڕی 320 ملیار دیناری مانگانه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان بدات.

هه‌روه‌ها خواكوڕك زانیویه‌تی كه‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دژی ئه‌و دوو پێشنیازه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و رایانگه‌یاندووه‌، ناهێڵن رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان بۆ دانیشتنه‌كه‌ ته‌واو بێت.له‌ كاتێكدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوونه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی فشار له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مشه‌و پڕۆژه‌یاساكه‌ په‌سند بكرێت.

 

Back to top button