سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی : دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز، پێچەوانەی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا بوو

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە پەرلەمان كرا، پێچەوانەی رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا بوو. دەشڵێ: “ئێمە وەك كورد، ھەموو كوتلەكان، بایكۆتی كۆبوونەوەكەمان كرد و دیار نییە لە داھاتوودا چ ھەڵوێستێكمان دەبێت”.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە:دوای ئەوەی داواكاریی ئێمە لە پڕۆژەی وەرگرتنی قەرز لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ مووچە جێبەجێ نەكرا، ئێمە ھۆڵی پەرلەمانمان بەجێ ھێشت و دەنگمان بەو پڕۆژەیاسایە نەدا و ئامادەش نەبووین دەنگی پێ بدەین، بە بێ جێبەجێكردنی داواكاریی كورد.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی زیاتر دەڵێ، ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا رێككەوتنیان كردووە، كە مانگانە بەغدا ٣٢٠ملیار دینار رەوانە بكات، بەڵام شیعەكان باسیان لەوە كرد، كە ئەوان دژی ئەو رێككەوتنەن و قبووڵی ناكەن، بۆیە بێ كورد دەنگیان بە پڕۆژەیاساكە دا.

سەبری باسی لەوەش كردووە، بەداخەوە ئەوان ھەمووان پێكەوە رێككەوتن، ئەوەی ئەوان ویستیان وەك زۆرینە، كە ١٨٠پەرلەمانتارن، دەنگیان دا جگە لە كوردەكان، كە ئێمەش ھەموو پێكەوە بایكۆتی كۆبوونەوەمان كرد، تائێستا دیار نییە ھەڵوێستی داھاتوومان لەبارەی ئەو كارەی لە پەرلەمان بەرامبەر كورد كرا، چی دەبێت.

Back to top button