راگەیێندراوێک لە پەرلەمانی کوردستان لە بارەی پەراوێز خستنی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەدواین ھەنگاوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین، کە بەبێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لەدەستووری عێراقدا چەسپێنراون.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

راگەیه‌ندراوێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەتێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەدواین ھەنگاوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین، کە بەبێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لەدەستووری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینەو بێ ڕەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان، بەرەبەیانیی 12ی 11ی 2020، یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییی پەسەند کرد.

ئەم ھەنگاوە، پێشێلکردنی گیانی پێکەوەژیان و ھاوبەشییەو پێچەوانەی هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکانی پێشووترە، هاوکات وەستانەوەیە دژ بەھەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەک بۆ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەماکانی دەستوور.

بۆیە وێڕای سوپاس و دەستخۆشیی زۆری خۆمان بۆ تەواوی فراکسێۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان کە یەکھەڵوێست و ھاوڕِابوون بۆ رەتکردنەوەی بەشداربوون لەدانیشتنی دەنگدان، رایدەگەیەنین کە بەھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لەدامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق و دوای پرس و راوێژی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو رەھەندەکانی ئەم پێشھاتە لێکدەدرێنەوەو ھەڵوێست و بڕیاری یەکگرتووانە دەگیرێتە بەر، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندیی بەژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە هەیەو ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەخاتە ئەستۆمان.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

12ی 11ی 2020

Back to top button