جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە

 

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شیعەو سونە یاسای وەرگرتنی قەرزی دژ بە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، فراکسیۆنە کوردستانیەکان  بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەماندا هاتووو: بە پێویستی دەزانم سوپاسى گشت فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامە بەڕێزەکانیان بکەم بۆ ئەو هەوڵ و خەمخۆری و شەونخوونییەی کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامیان دا بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە بتوانین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگەینە رێککەوتن لەسەر یاسای قەرز کە درەنگای شەوی رابردوو دەنگی لەسەر درا.

هەروەها د.بەشیر حەداد دەشڵێت: پێویستە ئەو راستیە بڵێم کە تێکڕای پەرلەمانتارانی کورد لەسەر ئەو یاسایە هاوهەڵوێست و یەکڕیز بوون چ لە کاتی بایکۆت کردن و چ لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، ئەوەش ئەوپەڕی خەمخۆری دڵسۆزی هەموویان بوو بۆ موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان .

پەیامێک لە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە

بە پێویستی دەزانم سوپاسى گشت فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامە بەڕێزەکانیان بکەم بۆ ئەو هەوڵ و خەمخۆری و شەونخوونییەی کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامیان دا بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە بتوانین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگەینە رێککەوتن لەسەر یاسای قەرز کە درەنگای شەوی رابردوو دەنگی لەسەر درا.
پێویستە ئەو راستیە بڵێم کە تێکڕای پەرلەمانتارانی کورد لەسەر ئەو یاسایە هاوهەڵوێست و یەکڕیز بوون چ لە کاتی بایکۆت کردن و چ لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، ئەوەش ئەوپەڕی خەمخۆری دڵسۆزی هەموویان بوو بۆ موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان .
بەڕای ئێمە ئەگەر چی تێپەڕکردنی ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبوو و لایەنەکانی شیعە و بەشێك له سوننەکان لەسەر بنەمای کەمینە و زۆرینە بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواستەکانی کورد تێپەڕاند، بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنێکی ئەرێنی هەبوو کە فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان یەکهەڵوێست بوون.
پێویستە ئەوە راستییە دووپات بکەمەوە کە ئەگەر بمانەوێت زیانەکانی ئەو یاسایە کەم بکەینەوە و رێگەچارەیەکى بۆ بدۆزینەوە، ئەوە پێویستە لەسەر ئەو هەڵوێستەى یەکڕیزییە، بەردەوام بین و ئەرکی میدیای کوردییشە کە ئەوانیش لە هەوڵی بەهێز کردنی ئەو رۆحیەتی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستییە بن ، نەک کاربکەن بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان.
داواش لە هەموو لایەک دەکەم بەرژوەندی خەڵک و گەلی کوردستان پێش بەرژەوەندی کەسی بخەن و خۆیان بە دوور بگرن لە موزایەدەی سیاسی و خۆدەرخستن لە راگەیاندنەکان، با خەمی خەڵک و مووچە و مافە ڕەواکانیان پێش هەموو شت بخەین.

دکتۆر بەشیر حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢٠٢٠/١١/١٢

Back to top button