جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق : ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق روویدا زەنگێکی مەترسیدار بوو

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یاسای وەرگرتنی قەرز دژ بە هەرێمی کوردستان بە پێی مەبدەئی زۆرینەو کەمینەی پەرلەمان تێپەڕێندرا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت ئەوەی لەنێو هۆڵی پەرلەمان روویدا،زەنگێکی مەترسیدارە لە کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق

د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنێو هۆڵی پەرلەمان روویدا، هەنگاوێکی مەترسیدارە و زەنگێکی مەترسیدارە لە کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق.ئەگەر بەو شێوەیە مامەڵە بکرێت هیچ بەهایەک بۆ رێککەوتن لە عێراق نامێنێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاندووە هێشتان دەرفەتی رێککەوتن و گفتوگۆ ماوە و رێککەوتنێکیش هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ماوە بۆ ئەوەی بۆ ئەو دوو مانگەش 320 ملیارەکە بنێردرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنێو هۆڵی پەرلەمان روویدا، هەنگاوێکی مەترسیدارە و زەنگێکی مەترسیدارە لە کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق. دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ بزمارێکی دیکە لە تابووتی هاوسەنگی و تەوافوق لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق درا. ئەمە بۆ جارێ چوارەمە بەبێ کورد هەندێک پرس تێدەپەڕێندرێت، وەکو بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان و یاسای هەڵبژاردنەکان و ئەو یاسایەش. ئەمەش وادەکات گومانەکانمان زیاتربێت لە پرۆسەی سیاسی و بەردەوامبوون لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانە بەو شێوازەی کە تاوەکو ئێستا لەگەڵیان بووین.

هەروەها دەشلێت ئێمە ئێستا ترسمان لەوە نییە کە لەو یاسایە زەرەر دەکەین یان نا، چونکە ئەو بڕگەیەی تێپەڕێندراوە هێشتا دەرفەتی تێداماوە بۆ ئەوەی دانوستاندن و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، رێککەوتنێکیش هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بۆ ئەو دوو مانگەش 320 ملیارەکە بنێردرێت.

هەروەها دەشلێت:  نزیکبوونەوەیان لە کورد لای خەڵکی خۆیان بە تۆمەتبار سەیر دەکرێن، لە بەرامبەریشدا من پێگوتوون ئەمە سوچ و تاوانی خۆتانە و ئێوە وێنەکەتان بە پێچەوانە داوەتە خەڵکی خۆتان و پێویستە ئەو وێنەیە راست بکرێتەوە

 

Back to top button