مستەفا کازمی بڕیاریدا مووچەی دوو مانگی فەرمانبەران خەرج بکرێت

ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی بڕیاردراوە مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم بەیەکەوە خەرجبکرێن، بۆیە داوا لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە سبەی هەینی و شەممە دەوام بکەن بەمەبەستی دەستکردن بەدابەشکردنی مووچە.

حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران داوا لەسەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و فەرمانگە داراییەکان کراوە رۆژانی هەینی و شەممە دەوام بکەن بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم بەیەکەوە.

باسی لەوەشکردووە، دوای تەواوکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان، وەزارەتی دارایی رۆژی یەکشەممە ئامادەکاری دەکات بۆ دابەشکردنی مووچە.

ئەوە لەکاتێکدا بەرەبەیانی دوێنێ پێنج شەممە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ و بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگیدا لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، لەبەرامبەردا پشکی هەرێم بەسترایەوە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە و بەپێچەوانەوە هەرێم پشکی لەو قەرزەدا پێنادرێت.

Back to top button