وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی راگه‌یانراوێكی له‌باره‌ی شێرپه‌نجه‌ بڵاوكرده‌وه‌

خواكوڕك

وه‌زاره‌تی ته‌ندروتی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌ینێت، هۆکاری سەرەکی شێرپەنجە بەستراوەتەوە بەشێوازی ژیانی ناتەندروست لە قەڵەوی و کەم جوڵەیی و وەرزشنەکردن و کەمخواردنی سەوزە و میوە و کێشانی جگەرە و خواردنەوە کهولییەکان  لەگەڵ هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسی.

له‌راگه‌یانراوێكدا ئه‌مرۆ شه‌مه‌ 4/2/2017 به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی شێرپه‌نجه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یانراوێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، کۆی گشتی شێرپەنجە لە کوردستان لە ساڵی 2016 دا  5085 نەخۆش بووە، ئەوەی جێگای سەرنجە رێژەی توشبوان لە ژناندا زۆرترە لە پیاوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 104 توشبوی شێرپەنجە لە ژنان لە هەر 100000 ژن لە هەرێم، لەکاتێکدا لە پیاوان رێژەکە 91.5  بووە لە هەر سەد هەزار پیاو  لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016.

 

 

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی..

ئێمە دەتوانین،  من دەتوانم
بەشداربم لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە
دروشمی رۆژی جیهانی شێرپەنجەیە

راگەیێندراوێک لە وەزارەتی تەندروستی

هاووڵاتییانی خوشەویست …

رۆژی جیهانی شێرپەنجە  لە 4 ی مانگی شوباتی هەموو ساڵێک دەرفەتێکی جیهانی گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی شێرپەنجە لە جیهان.
لەم رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر  و بەرفراوان ئەنجامدەدرێت بۆ وشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە نەخوشی شێرپەنجه و مەترسییەکانی و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی. هەروەها هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هه مووان لە لایەنە پەیوەندیدارە حكومی و ناحكومییەكان  و تاک و کۆمەڵ چونکە هەروەک لە دروشمی ئەم رۆژەدا هاتووە، ئێمە دەتوانین من دەتوانم   گرنگی و رۆڵی هەمووان دەردەخات لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە .

شێرپەنجە ئەو نەخۆشییەیە کە ساڵانە زیاتر لە 8 ملیون کەس دەکوژێت  و زیاتر لە 14  ملێون کەس نەخۆشدەخات لە جیهان  هەروەک لە راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دا هاتووە. بەجۆرێک لە هەر 100000 کەس 180  کەس توشی شێرپەنجە دەبن و پێشبینی زیاتربوونی ژمارەکە دەکرێت لەساڵانی داهاتوودا.

هۆکاری سەرەکی شێرپەنجە بەستراوەتەوە بەشێوازی ژیانی ناتەندروست لە قەڵەوی و کەم جوڵەیی و وەرزشنەکردن و کەمخواردنی سەوزە و میوە و کێشانی جگەرە و خواردنەوە کهولییەکان  لەگەڵ هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسی .
جێگای دڵخوشییە کە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە 30% بۆ 50% شێرپەنجه دەکرێت پێشیلێبگیرێت بەرێکارە خۆپارێزییەکان وپەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست.

لە هەرێمی کوردستان  ئامارەکان  پێشبینیکراوە و کەمترە لە ستاندەردە جیهانییەکان و تەنانەت  لە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش کەمترە،  لە ساڵی 2015   لە هەرێمی کوردستان لە هەر 100000  کەس  99  کەس توشیرپەنجە بوون و لە ساڵی 2016   زمارەکە بووە بە 97  کەس لە هەر 100000 کەس.

کۆی گشتی شێرپەنجە لە کوردستان لە ساڵی 2016 دا  5085 نەخۆش بووە، ئەوەی جێگای سەرنجە رێژەی توشبوان لە ژناندا زۆرترە لە پیاوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 104 توشبوی شێرپەنجە لە ژنان لە هەر 100000 ژن لە هەرێم، لەکاتێکدا لە پیاوان رێژەکە 91.5  بووە لە هەر سەد هەزار پیاو  لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016.

چاودێری و چارەسەری شێرپەنجە یەکێک بووە لە ئەرکە لەپێشینەکانی وەزارەتی تەندروستی و لە ئەولەوییەتی کارەکانماندا بووە  سەرەڕای قورسی قەیرانی دارایی و فشاری زۆری سەر نەخوشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێم بەهۆی زوری ژمارەی ئاوارەکان لە کوردستان کە ئەوانیش لە نەخوشخانەکانمان چارەسەر دەکرێن. تواندراوە پێوستی ئەو نەخوشخانە و سەنتەرانە دابینبکرێت بەگوێرەی توانا بەهاوکاری سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە  بەسوپاسەوە  هاوکاری بەردەوامی نەخوشخانە  و سەنتەر و نەخوشانی شێرپەنجەی کردووە لە کوردستان.

لە ساڵی 2016  شدا بەردەوام بووین لە ناردنەدەرەوەی نەخوشانی شێرپەنجە بۆ پشکنینی پێت سکان وچارەسەری و  نەشتەرگەری  چاندنی مۆخی ئێسک هەروەها نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەکانی هیوا لە سلێمانی و نانەکەلی و بەشی چارەسەری شێرپەنجە لە نەخوشخانەی رزگاری لە هەولێر و دابینکردنی دەرمان و پێویستییەکانی تاقیگە و پێوستیەکانی تری هەردوو نەخۆشخانە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە سلێمانی کە بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان بەهاوکاری تیمی پزیشکانی ئیتاڵی نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک ئەنجامدراوە بە سەرکەوتوویی  هەروەها دەستکردن بە پرۆژەی درووستکردنی سەنتەری چارەسەر بە تیشک  بۆ شێرپەنجە لە شاری هەولێر کە پرۆژەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە لە پارێزگای هەولێر بۆ چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە و کەمکردنەوەی  ئەو فشارە زۆرەی کەوتووەتە سەر سەنتەری ژیانەوە بۆ تیشکەچارەسەر لە شاری سلێمانی، هەروەها ئەنجامدانی خولی راهێنان بۆ پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە کوردستان .

لەو دەرفەتە دا پەیامی ئێمه بۆ هاووڵاتییان

رەچاوکردنی شێوازی ژیانی تەندروستە لە وەرزشکردن و خواردنی تەندروست و زیادکردنی خواردنی سەوزە و میوە  و رزگاربوون لە قەڵەوی و کێشی زیاد و وازهێنان لە جگەرە کێشان و خواردنەوە کهولییەکان.

بەشداربوون لە پرۆگرامەکانی پشکنین و دۆزینەوەی پێشوەختی شێرپەنجە کە لەهەرێمی کوردستان  جێبەجێدەکرێت

Back to top button