شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: هێرشی توند دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی بەغدا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەو کارەی کە بەغدا بەرانبەر بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردی ئەو پەڕی خراپییە و دەبێت کورد هەڵوێستی هەبێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کارێکبوو لەو پەڕی خراپی کە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان کرا.
شێخ جەعفەر زیاتر دەڵێ، سەیرە تا ئێسته کەسانێک بەغدا ناناسن، بەغدا ئەوەندە دوژمنانە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، بەغدا ئەگەر بۆی بکرێت ناهێڵێت کورد نینۆک هەبێت تا سەری خۆی بخورێنێت، ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی بەغدایە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و کورد.
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەوەش ئاشکرا دەکات، پێویستە کورد هەڵوێستی ڕژدى هەبێت بەرانبەر ئەو کارەی بەغدا و بە توندی وەڵامی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بداتەوە کە بەرانبەر بە میللەتێک کردوویەتی.