ڕێناس جانۆ بۆ بەختیار شاوەیس : ئەوانەی دژایەتی پارتییان كردووە لە كۆتاییدا تەنها ڕووڕەشییان بۆ ماوەتەوە
پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی بەختیار شاوەیس، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە مێژوو سەلماندوویەتی، ئەوانەی دژایەتیی پارتییان كردووە، لە كۆتاییدا ڕووڕەشییان بۆ ماوەتەوە. جەختیش دەكاتەوە كە كورد قوربانیی ئەو خەنجەرانەیە كە كەسانی وەكوو ئەو لە پشتەوە لێی دەدەن.
بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی، لە نووسینێكدا ئەوەی لەبیر خۆی بردۆتەوە كە حزبەكەی هەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە تاوەكوو ئێستا یەكێكە لە بەشدارە سەرەكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هێرشی كردۆتە سەر حكوومەت و پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە بەرامبەردا ڕێناس جانۆ، ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: یەكێك لە كێشەكانی پێگەی كورد لە بەغدا، پەرتەوازەیی ڕیزەكانیەتی، ئەویش بەهۆی ئەوەی كەسانێك هەن پەرلەمانتار و بەرپرسی كوردن، بەڵام بوونەتە زمانحاڵی حكوومەتی عێراق و زمانحاڵی ئەو شۆڤێنییانەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانیان بڕیوە، بۆیە ئەو قسەی بەختیار شاوەیس لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە، كهسانێك ههن تهنها بۆ ئهوهى پارتى زیانى بهربكهوێت، ئامادهن خۆیان فڕێ بدەنە دهریا، ئهوهش له ئهنجامى ئهو مێژووهیه كه پێشتر بۆیان به جێماوه.
ڕێناس جانۆ بە بەختیار شاوەیسی گوتووە: كورد قوربانی دوو شتە، یەكەمیان ئەو خۆخۆرییەی كە لە بەغدا هەر ئەوانە دەیكەن، لەگەڵ ئەو خەنجەرانەی كە هەر بە دەستی كورد لە پشتەوە لە كورد دەدرێت، دەبوایە بەختیار شاوەیس كە باسی خەنجەر لێدان دەكات، خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری بیرخۆی بهێنابایەوە.
هۆشداریشی دا لە زیادەڕۆییكردنی بۆ سەر رەمزەكانی پارتی و رای گەیاند: ئەو جۆرە كەسانە چەندان ساڵە بە هەموو شێوەیەك دژایەتی پارتی و ڕەمزەكانیان كرد، پێشتریش زۆربوون ئەوانەی هەمان كاریان كردووە و لە كۆتاییدا ڕووڕەشی و شەرمەزارییان بۆ مایەوە، ئێستا دەبینین ههر سهرۆك بارزانى ڕووگهى ههرێمى كوردستانه و ههموو ڕێگاكان دەچنەوە لاى سەرۆك بارزانى.
ڕێناس جانۆ ئاماژەی بەوە دا: كابینهى نۆیهمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان له سهرهتاى دامهزراندنیهوه زۆر به شەفافییهوه مامهڵهى لهگهڵ بهغدا كردووه، پابهندى ڕێكهوتنهكانی بووه، بهڵام ئهوه بهغدایە كە پابهند نابێت و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە لە ڕێككەوتنەكانی پاشگەز دەبێتەوە و دووبارە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەبڕێت“. دووپاتیشی كردەوە: ”پارتی هەمیشە بەرپرسیارێتی لە هەموو بارودۆخەكاندا لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام ئەمەی لە بەغدا كراوە تەنیا بەرامبەر بە پارتی نەكراوە، بەڵكوو دەبێت هەموو لایەنەكانی كوردستان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن.