پارتی لەسەر كاكە حمە هاتە سەر خەت

خواكوڕك

پاش دیمانەیەكی لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا بەشی كوردی كاتێك گوتی هەرپێنج لایان بەشیان لە نەوتی كوردستان هەیە (گۆڕان و یەكگرتوو وكۆمەڵ) پەلاماری محەمەدی حاجی محمودیان دا لە ( میدیاكان و پەیچەكانیان) لەو بارەیەوە عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك لە پێگەی خۆیدا  لەسەر پەلاماردانی كاكە حمە هاتە سەر خەت و دەنووسێت، چەند رۆژە حیزبەکانی شاری سلێمانی و ئەوانەی لە ژێر ھەژمونی و کاریگەری کیم جۆنگ ئیل ئاسای گۆڕاندان، کێچ کەوتووەتە کەوڵیان و شێت و ھار بوونە، چاویان قوچاندووە و ھەرچی بە دەمیاندا دێت لە دژی کاکە حەمەی حاجی مەحموود دەیڵێن، چونکە کاکە حەمە گوتوویەتی ئەو حیزبانە ھەموویان بەشیان لە پارەی نەوت ھەیە. ئەوانە دەڵێن کاکە حەمەی حاجی مەحموود تۆمەت و بوختانی بەوان کردووە.

 

هەروەها عەلی عەونی لە نووسینەكەی بەچەند خاڵێك ئاماژە بەهێرشەكان دەكات و دەلێت، دە ساڵی رەبەقە گۆڕان و شەریک شعورەکانیان بێرێزی و بوختان نەما بە ھەموو خەلک و حیزبە رکابەرەکانیان نەیکەن هەروەها دەلێت قێزەوەنترین زمانی سیاسەت ئەوە بوو کە گۆڕان دایھێنا و برەوی پێدا و لایەنە ھاوپەیوەندەکانیشی بە کاریان ھێناتەوە، كاکە نەوە بە ھۆی تۆمارە دەنگیەکانی داوا کراوە لە بەر دەم دادگا و گوایە دادگا بێ لایەن نەبوە بۆیە ھەڵات و نەچووە بەر دادگا، خێرە ئێستا دادگا بێلایەنە و پەنای بۆ دەبەن، پاکی و ناپاکی دام و دەزگاکان بە کەیفی ئێوەیە؟!
هەر لە نووسینەكەی دا عەلی عەونی كە لەتۆری كۆمەڵایەتی فیس بووك دا پۆستی كردووە دەلێت، ئێوە مەمنوونی کاکە حەمە بن کە گوتوویەتی ئێوە لە پارەی نەوت بەشتان ھەیە، کاکە حەمە خاتری گرتوون ئەگینا خەڵک دەپرسێت ئێوە پارە بۆ دەزگا زەبەڵاح و زۆر و زەوەندەکانتان لە کوێ دێنن، خەرجی بارەگاکانتان لە کوێ دابین دەکەن، دەدزن یا وڵاتانی دەور و بەر پارەدارتان دەکەن بۆ دژایەتی کوردستان؟! بڕۆن مەمنوونی کاکە حەمە بن.

Back to top button