بەپێی ڕاپرسییەك ٥٨% دەنگدەرانی توركیا دەنگ بە سیستمی سەرۆكایەتی نادەن
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئاكەپە بڕیاری هەمواركردنەوەی دەستووری وڵاتەكەیدا, بۆ ئەوەی سیستەمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانیەوە بكرێت بە سەرۆكایەتی, بە هاوبەشی لەگەڵ فراكسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی توركیا دەنگیان بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی دا, دوای دەنگدان لە پەرلەمان كۆمپانیایەكی بەدوا داچوون راپرسی توركیا بە پشت بە ستن بەئاماری راپرسیەكەیان رایدەگەیەنن كە ئاكەپەو مەهەپە ناتوانن سەركەوتووبن, چونكە زۆرینەی دانیشتوانی توركیا ناخوازن سیستەمی وڵاتەكەیان بگۆڕدرێت.
كۆمپانیای گەزیجی توركی بۆ ڕاپرسی ئەنجامی ڕاپرسییەكی ئاشكراكردووە كە ٥٨% دەنگدەرانی توركیا دەنگ بە گۆڕینی دەستووری توركیا لە سیستمی پەرلەمانییەوە بۆ سیستمی سەرۆكایەتی نادەن, بەپێی ئەو ڕاپرسییە ٩٥%ی دەنگدەرانی هەدەپە و هەروەها ٢٢% دەنگدەرانی ئاكەپە دەنگ بە سیستمی سەرۆكایەتی نادەن.
لەسەر هەمان پرس ئاژانسی هەواڵی دیجلە هەوالێكی بڵاوكردۆتەوە، تێیدا( موراد گەزیجی) بەڕیوەبەری كۆمپانیای گەزیجی بۆ لێكۆڵینەوە و ڕاپرسی ڕایگەیاندووە، بەپێی ڕاپرسییەك كە لە ٢١ شاری توركیادا ئەنجامیانداوە، ٥٨.٢%ی دەنگدەرانی توركیا ئامادە نین دەنگ دەستووری توركیا بدەن بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرۆكایەتی.
گەزیجی ئاماژەشی بەوەكردووە، ئەو دەنگدەرانەی كە ڕاپرسییەكەیان لەگەڵ ئەنجامدراوە، حەزیان بۆ ڕۆیشتن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان ئاساییە و لە ئەگەری بەشداریكردنی هەموو هاووڵاتیاندا دەنگی نا زۆرترین دەنگ بە دەست دەهێنێت، چونكە لە وەڵامی پرسیاری “ئەگەر ئێوە بچن ڕیفراندۆم دەنگ بە چی دەدەن؟” و ٤١.٢%ی بەشداربووان بە بەڵێ و ٥٨.٢%ی بەشداربوانیش بە نا وەڵامی پرسیارەكەیان داوەتەوە.
هەروەها موراد گەزیجی ئەوەشی وتووە، زۆرترین ڕێژەی ئەو كەسانەی كە دەنگ بە سیستمی سەرۆكایەتی نادەن لە ناو دەنگدەرانی هەدەپەدان و ڕێژەی ٩٥.١%ی دەنگدەرانی هەدەپە بە نا دەنگ بە دەستوور دەدەن و ئەوەش زۆرترین ڕێژەی دەنگی دەنگدەرانی هەموو حزبەكانی توركیایە.
لە كۆتای قسەكانیدا بەڕیوەبەری گەزیجی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە دوای هەدەپە زۆرترین ڕێژەی ئەو كەسانەی دەنگی نا بە ڕیفراندۆمەكە دەدەن، دەنگدەرانی پارتی كۆماریی گەل (جەهەپە)ن و ڕێژەیان ٩٤%ە و لە دوای جەهەپەش، ڕێژەی ٦٨% دەنگدەرانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوە پەرست (مەهەپە) و هەروەها ٢٢.٧% دەنگدەرانی ئاكەپەش بە نا دەنگ بە ڕیفراندۆمەكە دەدەن.