مستەفا کازمی: داوا دهكات پەلە بکرێت لە چاپکردنی کارتی دەنگدان
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای لە وەزارەتی دارایی کرد کە بوودجەی پێویست بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و وەزیری دارایی کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە چۆنیەتی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە گفتوگۆکراوە و لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە کە بوودجەی پێویست بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە شەشی حوەزیرانی رابردوودا، ئەنجام بدات .
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، لای گەلی عێراق گرنگە، بۆیە پێویستە سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لاببرێت و گوتی:
گرنگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان پەلە بکات لە دەرکردنی کارتی دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، بکەن.