نیویۆرک تایمز: دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ راوێژکارەکانی باسی هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی ئەتۆمی ئێرانی کردووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبارەی وەشاندنی گورزی سەربازی بۆسەر ئێران راوێژی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی وڵاتەکەی کردوە، بەڵام راوێژکارەکانی رازییانکردوە کە بڕیارێکی لەو جۆرە نەدات.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 12ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی و بەشێک لە فەرماندەکان کۆبووەتەوە و پرسی وەشاندنی گورزی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەچەند هەفتەی داهاتودا تاوتوێکردوە.

ئەوەش هاتوە، گفتوگۆکان پەیوەست بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای ئەوە هات، پشکنەرانی نێودەوڵەتی جەخت دەکەنەوە لەوەی ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردوەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکیش ئاستەنگییەکانی بڕیاری گورزی سەربازیان بۆ ترەمپ رونکردوەتەوە.

لەکۆبونەوەکەدا سەرەڕای ئەوەی مەترسیی و ئاستەنگییەکانی ئەو هەنگاوە وایکردوە، پرسی گورزی سەربازی وەلابنرێت بەڵام رۆژنامەکە ئاشکرایکردوە، ترەمپ تائێستاش تاوتوێ وەشاندنی گورزێک دەکات وەک کاردانەوەی زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، لەناویادا ئەگەری لێدان لە گروپەکانی نزیک لەئێران لە عێراق.

Back to top button