منداڵێكی ئێزیدی دوای ساڵێك و شەش مانگ دەگەڕێتەوە نێو باوەشی كەس وكاری
خواكوڕك
دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچە كوردستانیەكان بەتایبەت لەشەنگاڵو دەورووبەری ژمارەیكی زۆری هاوڵاتیان كەوتنە دەستی داعش كە تا ئێستا چارەنوسی زۆریان دیار نیە, لە كاتێكدا رۆژانە هاوڵاتیانی ژێر دەستی داعش رزگار دەكرێن, دواهەمین رزگاربووش منداڵكی تەمەن چوارساڵە.
“ئەیمەن ئەمین بەرەكات ” وەك یەكێك لەو هەزاران هاوڵاتییەی لە مانگی ئابی 2014 لە قەزای شنگال بوون، لەلایەن داعشەوە دەستبەسەركران و تائێستا چارەنووسی دایك و باوكی دیار نییە، “ئەیمەن ” تەمەنی چوار ساڵ بوو, لەلایەن داعشەوە فرۆشرا بە ژن و پیاوێكی عێراقی موسڵمان, ئەوانەی “ئەیمەن ” یان كڕی ناویان ( ئوم احمد و ئەبو احمد ) بوو دانیشتووی بەشی ڕۆژئاوای شاری موسڵ بوون .
كاتێك “ئەبو احمد ” ئەیمەن لە چەكدارانی داعش دەكڕێت بە بڕی ( 500 $) دۆلار ناوەكەیشی دەگۆڕێت بۆ (ئەحمەد ) و ماوەی (18 ) مانگ بەخێوی دەكەن، كەسوكاری “ئەیمەن ” وایان زانیووە مردووە، بەڵام كاتێك هێزە عیراقییەكان رۆژئاوای موسڵ ئازاد دەكەن، “ئەیمەن ” یان دۆزییەوە و گەڕاندیانەوە بۆ كەسوكارەكەی، هەرچەند گەڕانەوەی “ئەیمەن ” بۆ باوەشی كەسوكارو خانەوادە ڕاستەقینەكەی خۆی هەستێكی خۆش بوو، بەڵام بەهەمان شێوە “ئەیمەن ” تووشی دابڕانێكی تری هەست و سۆزی بەخێو كردن بووكە ماوەی ( 18 ) مانگ بوو گۆشەیەكی ئارامی و ئاسایشی دۆزیبوویەوە و خەمێكی تری بۆ هێنا .
ئەو ژن و پیاوەی كە “ئەیمەن ” یان كڕی منداڵیان نەبوو، كاتێك گوێیان لێ دەبێـت داعش منداڵی هەتیوو دەفرۆشێت لە قەزای تەلەعفەر، بیرۆكەی كڕینی منداڵ دێت بە مێشكی (ئوم احمد ) هاوسەرەكەی (ئەبو احمد ) فەرمانبەری حكومییە و مامۆستا بووە دژی ئەو بیرۆكەیە هاوسەرەكەی بووە، بەڵام نەیتوانیووە دڵی ژنەكەی بشكێنێت، بە پارەی پاشەكەوتی مامۆستایەتی “ئەیمەن” لە چەكدارانی داعش بە بڕی (500 $) دەكڕن ، ئیتر ووردە ووردە “ئەیمەن ” لەگەڵ خێزانە نوێیەكەیدا گەورە دەبێت و فێری زمانی عەرەبی دەكەن ، پاشانیش ئاشنا دەبێـت بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و فێری نوێژكردن دەبێت ، ئێستا “ئەیمەن ” گەڕاوەتەوە نێو باوەشی خێزانە ڕاستەقینەكەی بەڵام بەبێ دایك و باوك ، لەگەڵ نەنكی دەژی لە شاری دهۆك .