لە سلێمانی ئاسایش و بنەماڵەیەك چەكیان بەرامبەر یەك راگرتووە

خواكوڕك
دوای تۆمەتبار كردنی هاوڵاتیەك بە كوشتنی هاوڵاتیەكی دیكە كە كَشەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە لە ناوچەی هوانەی سەر بە شارۆچكەی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی،
رووداوەكە لە سلێمانی گرژیوو ئالۆزیەكی زۆری لێكەوتۆتەوە لە نێوان بنەماڵەیەك ‌و ئاسایش كە تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە ئاسایش و بنەماڵەیەك بەچەك بەرامبەر یەكتری وەستاونەتەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 4-2-2016، پیاوێك بەناوی ( ع.م.س) تەمەن 46 ساڵ و خاوەنی هەشت منداڵ بە دوو گوللە كوژرا، رووداوەكەش گرژی و ئاڵۆزی لەنێو سلێمانی دروستكردووە, ئەو كەسەی تۆمەتبارە بە كوشتنی ( ع.م.س) برای شاهۆ خالید خولەسوور، سەرۆكی عەشیرەتی غەوارەیە و تاوەكو ئێستا خۆی رادەستی پۆلیس نەكردووە، ئێستاش هێزێكی گەورەی ئاسایش دەوروبەری ماڵی شاهۆیان گرتووە و داوای تۆمەتبارەكە دەكەن، لەبەرامبەردا سەرۆكی عەشیەرەتی غەوارە هێزێكی گەورەی كۆكردووەتەوە و بە گەڕەكەكە بڵاوبوونەتەوە.

هەر پەیوەست بەم رووداوە شاهۆ خالید خولەسوور، سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە راگەیاندووە، نزیكەی كاژێر 04:00 ی ئێوارە رووداوەكە روویداو برایەكی من تۆمەتبارە، منیش كاتێك هەواڵەكەم بیست دەستبەجێ پەیوەندیم بە بنەماڵەی كوژراوەكە كرد، خەڵكی ریشسپی و پیاماقوڵم ناردە لایان” بە مەبەستی هێوركردنەوەو چارەسەری دۆخەكە.

سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە دەشلێت “من پێمگوتن بەهەموو جۆرێك ئامادەین و ملمان لە موو باریكترە بەرامبەر بەم دۆخە، هەر كەسێكمان تۆمەتبار بێت ئامادەین رادەستی دادگای بكەین، دوای ئەوە بە سوڵحی عەشایەری ئامادەین بە هەر جۆرێك بێت كێشەكە چارەسەر بكەین، بەڕاستی هەڵوێستی ئەوانیش زۆر باش بوو”.

شاهۆ خولەسوور باسی گەورەبوونی كێشەكەی كرد و گوتی “من كەسێكی حیزبیم، ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و لەگەڵ ئاسایش لە پەیوەندیدابووین تۆمەتبارەكە رادەستی پۆلیس بكەین، بەڵام هێزێكی گەورەی ئاسایش دەوروبەری ماڵی ئێمەیان گرت، ئێمەش نەماندەویست دۆخەكە وای لێبێت، خزم و دۆستان زانییان و ئێستا هێزێكی ئێمەش لێرە كۆبووەتەوە”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا باشتر نەبوو تۆمەتبارەكە رادەستی پۆلیس بكەن بۆ ئەوەی گەڕەكێكی سلێمانی نەشڵەژێت و هێز بەرامبەر یەك نەوەستنەوە، شاهۆ خالید خولەسوور گوتی “منیش هەمان هەڵوێستم هەبوو، ئێستاش هەمان هەڵوێستم هەیە، بەڵام چ پێویستی دەكرد هێزێكی گەورە دەوروبەری ماڵی ئێمە بگرێت، بۆچی هاتووە، هێشتا داواكاری پۆلیس و بڕیاری دادگاشمان بۆ نەهاتووە”.

Back to top button