دهۆک و سلێمانی ماتەمینی بۆ کۆچی فرسەت سۆفی دەردەبڕن

دوای ئەوەی هەواڵی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بڵاو کرایەوە، هەردوو پارێزگاری دهۆک و سلێمانی ماتەمینیی خۆیان بۆ کۆچی پارێزگار دەربڕی.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بڵاو کردەوە، تێیدا دەڵێ، پرسە، پەژارە، خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی برا هاوڕێ، هاوکار، ئازیز و بەڕێزمان دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین.

زیاتر نووسیویەتی، داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و ڕۆحی بەڕێزیان شادبێت.

هەروەها عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا دەڵێ: بەداخەوە هاوڕێ و برای بەڕێزمان، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێرمان لەدەست دا کە کەسێکی خاکی و خۆشەویست و ڕاستگۆ و ماندوونەناس بوو.

لە پەیامەکەیدا ئەوەش هاتووە، سەرەخۆشی نەک تەنیا لە کەسوکاری کۆچکردوو و هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێر، بەڵکو لە هەموو کوردستانیان دەکەم، چونکە ئێمە کەسێکی پاک و ڕاستگۆمان لەدەست داوە، جێگەی بەهەشت و ڕۆحی شاد بێت.

دوای مانگێک لە تووشبوونی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بە نەخۆشیی ڤایرۆسیی کۆرۆنا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تشرینی دووەم، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تورکیا گیانی لە دەست دا.

Back to top button