نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكى بۆ كۆچى دوایی د. فرسه‌ت سۆفى بڵاو كرده‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی، لە پەیامێكدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر و خەڵكی هەولێر و کوردستان دەكات و دەڵێت د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو.

ئەمەش دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە:

بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم.

د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.

دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.

خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

18/11/2020

Back to top button